باڵوێزی ئێران لە سلێمانی: بایه‌خ به‌ئارامی و دابینكردنی قوتی خه‌ڵك ده‌ده‌ین


باڵوێزی ئێران له‌سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت له‌سه‌ر داوای به‌غدا ئه‌وان هاوكاری عیراق ده‌كه‌ن له‌جه‌نگی دژ به‌ تیرۆردا.

له‌لێدوانێكیدا بۆ گه‌لی كوردستان سه‌عدوڵا مه‌سعودیان سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆردا له‌عیراق رایگه‌یاند: به‌پێی داخوازی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئێران رۆڵێكی گرنگی راوێژكارانه‌ی سه‌ربازییان هه‌یه‌ له‌جه‌نگی دژ به‌ داعش و حكومه‌تی عیراق داواكاری ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هاوكاریه‌كانمان زیاتر بكه‌ین.

وتیشی: بۆ جه‌نگی دژ به‌ داعش، كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌ هیچ جۆر هاوكاری و چالاكیه‌ك درێغی ناكات.

سه‌عدوڵا مه‌سعودیان باڵوێزی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سلێمانی رایگه‌یاند: له‌بیرتان بێت كه‌ به‌پیێ داخوازی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئێمه‌ رۆڵێكی پۆزیتیڤی راوێژكارانه‌ی سه‌ربازییان هه‌یه‌ له‌سنووره‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش. بڕواشم وایه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ سه‌ڵمێندنراوه‌و بوونی هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش زۆر كارگێر بووه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش حكومه‌تی عیراق داواكاری ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هاوكاریه‌كانمان زیاتر كه‌ین. 

وتیشی: بۆ شه‌ڕی دژ به‌ داعش، كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌هیچ جۆر هاوكاری و چالاكیه‌ك دریغ ناكات. ئه‌گه‌ر شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر به‌شێوه‌یه‌كی جدی و واقعی پێش بچێت، بێگۆمان ده‌توانین داعش رێشه‌كه‌ن كه‌ین. به‌ڵام بڕوامان وایه‌ كه‌ به‌شێك له‌وڵاته‌ ئیقلیمییه‌كان ره‌فتارێكی دووفاقه‌یان هه‌یه‌ له‌دژ به‌ داعش. گه‌لانی ناوچه‌كه‌ش به‌مه‌ گه‌یشتوون كه‌ جدیه‌تی شه‌ڕی دژ به‌تیرۆری هه‌ندێك له‌وڵاته‌ ئیقلیمیه‌كان له‌ژێر پرسیاردایه‌.

پێشتریش وتوومه‌ كه‌ ڕای من هه‌ر ڕای كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌.

سه‌عدوڵا مه‌سعودیان سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌ڕای ئێمه‌ ده‌بێ خه‌ڵكی كوردستانی عیراق بزانن داوكاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانیان چییه‌و بورای ئابووری و سیاسی ژیانیان به‌چ شتێك هه‌ستیاره‌! ئه‌منیه‌ت و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی، مافی ره‌وای خه‌ڵكی كوردستانی عیراقه‌. 

ئه‌وه‌ش ده‌زانم كه‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ جێبه‌جێكردن و په‌ره‌پێدانی ئه‌م بابه‌تانه‌ سه‌ركه‌توو ده‌بن.

مه‌سعودیان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌، پاراستنی ئه‌منیه‌ت و ئارامی ناوچه‌كه‌یه‌و هه‌رشتێك ببێته‌ هۆی تێكدانی ئه‌م بابه‌ته‌، بێگۆمان ئه‌وكات كۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵیدا نییه‌. ئێمه‌ش زۆرتر بایه‌خ به‌ ئارامی و دابینكردنی قوتی خه‌ڵك و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی ئه‌ده‌ین.