بەئامانجی خستنەڕووی ئامانجو وردەكاری پڕۆژەی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی دارایی زانكۆكان، كە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەڕێوەچوو.
لەكۆنگرەكەدا، د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كارگێڕیو دارایی روونیكردەوە، پڕۆژەكە یەكێكە لە پڕۆژەكانی وەزارەتەكەیانو لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا كوردستان دوچاری قەیرانی دارایی بوەوە، زانكۆكانیش پشكی شێریان لەو قەیرانە بەركەوتووە.
بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن
وتیشی: «لەدوو ساڵی رابردوودا وەزارەتەكەمان كۆمەڵێك پڕۆژەی هەبووە بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندنو بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكان، یەكێك لەو پڕۆژانەش كە وەزارەتەكەمان ساڵانێكە كاری لەسەر دەكات، سەربەخۆیی داراییو كارگێڕی زانكۆكانە، چونكە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كوالێتی زانكۆكان دەبێت، بۆیە لەسەرەتای ساڵی (٢٠١٦)ەوە بەئاگاداری ئەنجومەنی وەزیرانو وەزارەتی دارایی، دەستمان بە ئامادەكردنی پڕۆژەیەك كرد بۆ ئەوەی زانكۆكان لە رووی داراییەوە سەربەخۆ بن».
سندوقی زانكۆکان
د.خەتاب شێخانی روونیشیكردەوە، ئەو پڕۆژەیە بریتییە لە پڕۆژەی هەنگاوی یەكەم بەرەو سەربەخۆیی دارایی زانكۆكان، كە تیایدا كۆمەڵێك داهات دیاری كراوە، كە ساڵانی پێشتر بە شێوازی جیا وەردەگیرا، بەڵام دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، بەڵام گرنگی ئەو پڕۆژەیە لەوەدایە هەموو ئەو داهاتەی لەو پڕۆژەیەدا دیاریكراوە پاڵپشت بەمادەی (١٠) لەیاسای وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، جارێكی تر رێكخراوەتەوەو داهاتەكەش لەهەر زانكۆیەك دەخرێتە سەر سندوقی زانكۆو سەرەڕای داهاتی دیوانی وەزارەت، كە دەخرێتە سەر سندوقێك بەناوی سندوقی وەزارەتی خوێندنی باڵا.
(٧٠%) بۆ خودی زانكۆكان
وتیشی: «(٧٠%)ی داهاتی زانكۆكان دەدرێتەوە بەخودی زانكۆكان، بۆ ئەوەی بتوانن كوالێتی خۆیان بەرز بكەنەوەو زانكۆكان خۆیان بەڕێوەبەرن، بەوەش زانكۆكان چیتر پێویستیان بەگەڕانەوە بۆ وەزارەت خوێندنی باڵاو وەزارەتی دارایی نابێت، لەساڵانی داهاتووشدا كاریگەری زۆری لەسەر بەرەوپێشبردنی ئاستی زانكۆكان دەبێت، بۆیە بەپێی رینمایی دەسەڵاتی خەرجكردنی ئەو داهاتانەش لە وەزارەتەوە دراوە بە ئەنجومەنی زانكۆكانو سەرۆكی زانكۆكان».
لای خۆیەوە، د.جوان جەلال شەریف بەڕیوەبەری گشتیی فەرمانگەی نیردراوانو پەیوەندییە رۆشنبیرییەكان رایگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕێك پارەی بۆ ئەو خویندكارانە خەرجكرد، كە لەچوارچێوەی زەمالەی خوێندن لە روسیا دەخوێنن، ئەوەش لەم دۆخە داراییەدا هاریكارییەكی باشە بۆ ئەو خوێندكارانە، لەهەمان كاتدا لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكان بۆ خوێندكارانی تواناسازی.
س: کوردستانی نوێ
ڕێ