“پشكی‌ هه‌رێم له‌بودجه‌ (12) ترلیۆن‌و (500) ملیار دیناره‌”

وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ عێراق، پشكی هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ له‌پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی‌ (2017)ی عێراق، به‌ (12) ترلیۆن‌و (500) ملیار دینار خه‌مڵاند، له‌هه‌مانكاتیشدا نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی له‌پرۆژه‌یاساكه‌دا به‌ (35) دۆلار خه‌مڵاندوه‌.
(فازڵ نه‌بی) بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ڕایگه‌یاند، ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ ڕابردوو (24-8-2016)، وه‌زاره‌تی‌ دارایی له‌سه‌ر ڕاسپاره‌دی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، دوایین گۆڕانكاریی‌ له‌پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی (2017)دا كردوه‌، وتیشی‌:”پرۆژه‌كه‌ بڕیاره‌ ئاراسته‌ی‌ لیژنه‌ی قه‌یرانه‌كان‌و پاشان له‌وێوه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ده‌كرێت”.
بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پشكی‌ هه‌رێم له‌بودجه‌ به‌پێی ڕێكه‌وتنی نه‌وتی پێشوی نه‌وتی نێوان به‌غداو هه‌ولێر خه‌رجده‌كرێت، یان به‌پێی هه‌ر ڕێكه‌وتنێكی نوێ له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا.
پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی (2017)ی عێراق، بڕه‌كه‌ی (103) تریلیۆن دیناره‌و نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت له‌پرۆژه‌یاساكه‌دا به‌ (35) دۆلار خه‌مڵێندراوه‌.