لێدوانێكی‌ عه‌بادی‌ نرخی‌ نه‌وتی‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهان دابه‌زاند

 
عێراق، داوایه‌كی‌ ڕێكخراوی‌ ئۆپیك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ نرخی‌ نه‌وت داده‌به‌زێت.
به‌گوێره‌ی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ نوسینگه‌ی‌ رۆژنامه‌وانیی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق، له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ حكومه‌ت، حه‌یده‌ر عه‌بادی ڕاگه‌یاند: عێراق ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنان‌و هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ خاو بۆ بازاڕه‌كانی‌ جیهان زیاد ده‌كات‌و تا ئێستاش هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت، نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌، كه‌ مافی‌ عێراقه‌ بیخاته‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهانه‌وه‌. 
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌، به‌غداد پابه‌ندی‌ داوای‌ رێكخراوی‌ ئۆپیك نابێت، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت، به‌ وته‌ی‌ عه‌بادی‌: هۆكاری‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وتی‌ خاو ئه‌وه‌یه‌، هه‌ندێك وڵات زیاد له‌  مافی‌ خۆیان، نه‌وت هه‌نارده‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن.
به‌وته‌ی‌ چاودێرانی‌ ئابوری‌، به‌هۆی‌ لێدوانه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق، نرخی‌ نه‌وتی‌ خاو له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا دابه‌زیوه‌و عه‌بادی‌ شكستی‌ به‌هه‌وڵه‌كانی‌ ئۆپیك هێناوه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ هه‌نارده‌وه‌، نرخی‌ نه‌وت جێگیر بكات.