پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2017ی عیراق، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان مەرجدار دەكاتو دامەزراندنی فەرمانبەریش تەنها بۆ چوار وەزارەت رێگەپێدراو دەبێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2017ی عیراقەوە بڵاوكراونەتەوە، بودجەی ساڵی داهاتوو بە 102 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوەو نرخی هەر بەرمیلێك نەوتیش بە 35 دۆلار دیاریكراوە.
هەروەها رێككەوتنەكەی نێوان هەرێمو بەغدا جێگیركراوەو وەكو مەرج دانراوە بۆ ناردنی پشكی لەسەدا 17ی هەرێمی كوردستان، بەپێی رێككەوتنەكەش دەبێت حكومەتی هەرێم 550 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمو كەركوك هەناردە بكاتو داهاتەكەشی تەسلیمی بەغدا بكات.
لەوبارەیەشەوە ئەحمەدی حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە گەلی كوردستانی راگەیاند: حكومەتی هەرێم ئامادە نییە نەوت تەسلیمی بەغدا بكات، لەبەرئەوە ئەگەر لە بودجەی 2017شدا ئاماژە بەپشكی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئەوا خەرجكردنی دەبەسترێتەوە بە هەناردەكردنی نەوتەكەی لەڕێی بەغداوە.
لەبارەی دیاریكردنی پلەی وەزیفیش لەنێو پڕۆژەیاساكەدا، فالح ساری جێگیری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2017 ژمارەیەك پلەی وەزیفی لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەویش بۆ وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆو پەروەردە و تەندروستی تەرخان دەكرێتو جگە لەو وەزارەتانە فەرمانبەر بۆ هیچ وەزارەتێكی دیكە دانامەزرێت.