”مه‌ترسی له‌ سه‌ر موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ عێراق نییه‌”


ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ئاشكرای ده‌كات، موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ بۆ ساڵی‌ (2017)، هیچ مه‌ترسییه‌كی‌ له‌سه‌ر نییه‌ و له‌ پڕۆژه‌یاسای‌ بودجەدا جێی‌ كراوه‌ته‌وه‌.

سه‌رحان ئه‌حمه‌د، له‌ لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: جگه‌ له‌ چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی‌ كه‌م، جیاوازییه‌كی‌ ئه‌وتۆ له‌نێوان بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵ و پڕۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتودا نییه‌‌ و وتیشی: ئاستی‌ كورتهێنان له‌بودجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتودا، ده‌گاته‌ (25) ترلیۆن دینار.

به‌ بڕوای‌ سه‌رحان ئه‌حمه‌د، له‌كۆتایی‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ داهاتودا، حكومه‌تی‌ عێراق پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌كات و پێش كۆتایی ئه‌مساڵیش په‌رله‌مان په‌سه‌ندی‌ ده‌كات.

سه‌باره‌ت به‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانیش، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ رایگه‌یاند: موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ عێراق هیچ مه‌ترسییه‌كی‌ له‌سه‌ر نییه‌ و له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا جێی‌ كراوه‌ته‌وه‌.