وتەبێژی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی کۆریای باشور ئەمڕۆ ٢٢ ئابی ٢٠١٦ ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان بڕیاریدا لە کێڵگەی نەوتی سەنگاو لە هەرێمی کوردستان بکشێتەوە بەهۆی ئەو ئەنجامە خراپانەی کە لە ئەنجامی پشکنینەکانی نەوت لەو کێڵگەی بە دەستی هێناوە.
تچۆ جۆنگ جیۆن وتەبێژی کۆمپانیای نەوتی کۆریاب باشوری ڕایگەیاند “بڕیاری کشانەوەکە بە کۆدەنگی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکەیان دراوە و پێیان وایە کە ئاستی بەرهەمهێنان لە میانی پشکنینەکانیان کە ئەنجامیان داوە زۆر کەمبووە و قورسە بۆ ئەوان بتوانن ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکەن”.
کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی کۆریای باشور لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردەوە، پشکی لە ٦٠%ی لە کێڵگەی سەنگاوی هەرێمی کوردستان هەیە، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزای کردووە.
کۆریای باشوری بە چوارەم گەورەترین ئابوری ئاسیا و پێنجەم هاوردەکاری نەوتی خاو دادەنرێت لە جیهاندا و لە ساڵی ٢٠٠٨وە کۆریای باشوری بەشداریکردووە لە پرۆسەی پشکنین و دەرهێنانی نەوتی خاو لەدەرەوەی وڵاتەکەی بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی لە سوتەمەنی.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی کۆریای باشوری لە ئێستادا سەرقاڵی وتووێژە بۆ کشانەوە لە کێڵگەیەکی نەوتی کازاخستان، دوای ئەوەی بڕی ئەو نەوتەی کە ئاشکرایکردووە تیایدا، لەچاو پێشبینییەکانیدا نەبووە.
کۆمپانیاکە کە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێت، رووبەڕووی فشار بووەتەوە بەهۆی ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی زیان بووەتەوە لە پشکەکانیدا، ئەوەش وایکردووە دەستبەرداری هەندیک لە پرۆژەکانی بێت لەچوارچێوەی کەمکردنەوەی قەرزەکانی و دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری کۆمپانیاکە.