دوو نوسینگه‌ی‌ كوالیتی‌ كۆنتڕۆڵی‌ ده‌رمان ده‌كرێته‌وه‌

 
وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر یه‌كخستن‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ نرخی‌ ده‌رمان له‌بازاره‌كانی‌ هه‌رێمدا‌و بڕیاریداوه‌ دوو نوسینگی‌ كوالیتی‌ كۆنتڕۆڵی‌ ده‌رمان له‌سلێمانی‌‌و دهۆك بكاته‌وه‌.
به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ڕۆژی‌ سێشه‌ممه‌ له‌دیوانی‌ وه‌زاره‌ت، (د. ڕێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید) وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ ده‌رمان كۆبو‌و له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌شدا وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ ڕایگه‌یاند، به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر یه‌كخستن‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ نرخی‌ ده‌رمان له‌بازاره‌كانی‌ هه‌رێمدا.
هه‌رله‌و كۆبونه‌وه‌ه‌یدا بڕیاردرا، دوو نوسینگه‌ی‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵی‌ جۆری‌ ده‌رمان له‌هه‌ریه‌ك له‌شاره‌كانی‌  سلێمانی‌‌و دهۆك بكرێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ڕۆتین‌و خێرا ڕایكردنی‌ ڕێكاره‌ یاسای‌و ئیداریه‌كانی‌ سێكته‌ری‌ ده‌رمان، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و نوسینگانه‌ سه‌ره‌تا كاریان چاودێریكردنی‌ بازاڕ‌و  هه‌ماهه‌نگی‌ بازگه‌كان ده‌بێت، دواترله‌ڕێگه‌ی‌ لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ بكرێت.