نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، دوا بڕیار بۆ خەرجکردنی پارەی جوتیارانی کوردستان لە بەغداوە دراوە و ئەوەیە کە ٥٠%ی پارەی گەنمی جوتیاران لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ خەرج بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی کورد ئاشکرای کرد، بە نووسراوێک ناوی سەرجەم جوتیاران دراوەتە بانک بۆ خەرجکردنی پارەکانیان، گوتی: “نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق لە لای منە، کە لە ١١ی ٨ی ٢٠١٦ بۆ بانکی ناوەندی رەوانە کراوە و ناوی ھەموو جوتیاران و پارەکانیان، بە جوتیارانی ھەرێمی کوردستانیشەوە دراوەتە بانکی ناوەندی، بۆ خەرجکردنی ٥٠%ی شایستە داراییەکانی جوتیاران”.
نەجیبە نەجیب روونی کردەوە، ناو و بڕە پارەی ئەو جوتیارانە بە جوتیارانی کوردستانیشەوە، لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە دەدرێتە ٣ بانک بۆ خەرجکردنی پارەکە، گوتیشی: “بانکی بازرگانیی عێراق و رافیدەین و رەشید بەپێی لیستی ناوی جوتیارەکان پارەکە خەرج دەکەن، پارەکەش لە لایەن بانکی ناوەندی بەو بانکانە دەدرێت کە بڕەکەی یەک ترلیۆن و ٣٥٠ ملیار دینارە”.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە، بەم نزیکانە جوتیارانی کوردستان ٥٠%ی پارەی سێ ساڵیان بۆ خەرج دەکرێت، گوتیشی: “جگە لە پارەی ساڵی ٢٠١٦، بەغدا بۆ ھەردوو ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بڕی ٧٣٠ ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان قەرزارە”.
ئەو وتیشی: “بۆ نموونە جوتیارێک ١٠ ملیۆن دیناری ھەیە بۆ ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥، ئەوا ٥ ملیۆن دیناری پێ دەدرێت و پارەکەی تریش لە دوو ساڵی داھاتوو دەدرێت و قازانجیشی دەخرێتە سەر”.
عەزیز ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رای گەیاند، حکوومەتی عێراق بڕی ٦٢٠ ملیار دینار قەرزاری جوتیارانی ھەرێمی کوردستانە، کە ئەویش قەرزی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ەیە، کە تائێستا دابەشی نەکردووە.
پێشووتر فازڵ نەبی، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەی راگەیاندبوو، لە ماوەی ڕابردوودا بڕی ٣٠٠ ملیار دینار بۆ جوتیارانی کوردستان خەرجکرا لە بری ١٧% بڕی ٤٠% بۆ کوردستان نێردرا.