هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ئێرانه‌وه‌، تێچووی كه‌م وبازاڕی زیاتر


به‌رده‌وام شاره‌زایانی بواری نه‌وت‌و غاز داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌دوای ده‌روازه‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌وتدا بگه‌ڕێت بۆ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان. چونكه‌ به‌وته‌ی ئه‌وان، پشێوییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی توركیا ئه‌وه‌ی سه‌لماند، كه‌ ته‌نیا پشت به‌ستن به‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت له‌ رێگه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه‌، زیانی گه‌وره‌ی بۆ هه‌رێم ده‌بێت.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كرێت، ئێستا دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ بۆ ئاینده‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان، كارێكی گرنگه‌و پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ زوترین كات ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت.

ماوه‌یه‌كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵه‌كانی به‌مه‌به‌ستی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی له‌ رێگه‌ی ئێرانه‌وه‌ چڕكردۆته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ رێكه‌وتنی تایبه‌ت به‌و هه‌نگاوه‌ ئیمزا كراوه‌، به‌ڵام تائێستا له‌ رووی پراكتیكییه‌وه‌ هیچ نه‌كراوه‌.

ئابووریناسانی كوردستان، ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان له‌ رێگه‌ی خاكی ئێرانه‌وه‌، شان به‌شانی ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ده‌نێردرێته‌ بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌، به‌ گرنگ ده‌زانن‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، بوونی زیاتر له‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت، به‌ قازانجی هه‌رێمی كوردستان.


هیچ به‌ربه‌ستێك له‌ به‌رده‌م ئه‌و بۆرییه‌ نه‌وتییه‌دا نییه‌

له‌وباره‌یه‌وه‌‌و له‌ نوێترین لێدوانیدا، جێگری وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌باره‌ت به‌ بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌.

ته‌ها زه‌نگه‌نه‌ جێگری وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ئاژانسی ده‌نگوباسی ئێرنای راگه‌یاندووه‌، دانوستانه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم له‌ رێگای خاكی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌و له‌و پێناوه‌شدا هه‌ندێك پێشكه‌وتنیان هه‌بووه‌.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێ: «هیچ به‌ربه‌ستێك له‌ به‌رده‌م ئه‌م بۆریه‌ نه‌وتییه‌دا بوونی نییه‌، به‌ ته‌نیا كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ كاتێكی زۆری ده‌وێت».


له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌بێته‌ گرێبه‌ستێكی ره‌سمی

پێشتریش نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری تاران ئاشكرای كردبوو، كه‌ یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگای خاكی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ به‌ ئیمزا گه‌یشتووه‌و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌بێته‌ گرێبه‌ستێكی ره‌سمی.

له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌كانی عیراق، كه‌سایه‌تییه‌ سیاسی‌و ئابووریناسانی هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه‌ داوای ئه‌وه‌یان كردووه‌، كه‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگای ئێرانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی بازاڕه‌ جیهانییه‌كان بكرێت.


به‌راورد به‌ توركیا تێچووی كه‌متره‌

سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن مامۆستای زانكۆ له‌ هه‌ولێر به‌و ئاژانسه‌ی راگه‌یاندووه‌، زۆر گرنگه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی له‌ رێگای خاكی ئێرانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی بازاڕه‌ جیهانییه‌كان بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرترین رێگای گه‌یشتن به‌ ده‌ریاو بازاڕه‌ جیهانییه‌كانی هه‌یه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ تێچووی كه‌متری به‌راورد به‌ توركیا بۆ هه‌رێم ده‌وێت.

ئه‌و ئابووریناسه‌ جه‌ختی كردۆته‌وه‌، كۆماری ئیسلامی ئێران خاوه‌ن هێزێكی ئابوورییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌و ئێستا وڵاتانی جیهان هه‌وڵی كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م ده‌فرایه‌تییه‌ ده‌ده‌ن‌و پێویسته‌ هه‌رێمیش هه‌نگاو له‌م رێگایه‌دا بنێت.

وتیشی: «به‌شێكی زۆر له‌ ئابووریناسانی كوردستان وایده‌بینن، كه‌ ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان په‌له‌ بكات له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ رێگای ئێرانه‌وه‌.


له‌ رووی سیاسی‌و ئابوورییه‌وه‌ قازانجێكی زۆر ده‌كات

هاوكات ماویه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ساڵح فه‌قێ ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی‌و ئابووری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندبوو، ئێستا زۆربه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی راكێشانی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئێران كۆتایی هاتووه‌.

به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی‌و ئابووری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ به‌راورد به‌ رێگای توركیا، هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ رێگای ئێرانه‌وه‌، نرخی كه‌مترو كاتی كه‌متری پێویسته‌، چونكه‌ به‌ درێژایی (150) كیلۆمه‌تر بۆرییه‌كه‌ ده‌گاته‌ ناو ئێران.

ساڵح فه‌قێ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی سیاسی‌و ئابوورییه‌وه‌ قازانجێكی زۆر ده‌كات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكراشیكردووه‌، به‌هۆی قه‌یرانی دارایی هه‌رێمه‌وه‌، وڵاتی ئێران ره‌زامه‌ندی بۆ گرتنه‌ ئه‌ستۆی تێچووی راكێشانی بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كه‌ ده‌ربڕیوه‌، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێی ده‌كات.
PUKmedia