شارەزایانی ئابووری عێراقی ئاشكرایان كرد كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو پڕۆژەی بودجەی 2017ی عێراق لە نێوان بەغدا و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت بۆ زانینی ئاستی پابەندی بودجەكە بەمەرجەكانی بانكی ناودەوڵەتییەوە.
باسم جەمیل شارەزای ئابووری عێراقی لەو بارەوە رای گەیاند كە لە 28ی ئەم مانگە شاندێك لە وەزارەتی دارایی و ژمارەیەك شارەزایانی ئابووری كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ساز دەكەن و تاوتوێی بودجەی 2017ی عێراق دەكەن.
زیاتر گوتی، لەو كۆبوونەوە گفتوگۆ لەبارەی رێنماییەكانی بانكی نێودەوڵەتی دەكرێت كە وەك مەرج لە بەرامبەر پێدانی قەرز بەعێراق دیاری كردوون لە كاراكردنەوەی وەرگرتنی باج و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و كاراكردنی سەرچاوەكانی داهاتی بێجگە لە نەوت.
ئاماژەی كرد كە وتوێژەكان لەبارەی نرخی نەوت چڕ دەبێتەوە كە قەبارەی بودجەكە لەسەر ئەو بنەمایە دیاری دەكرێت و پێویستە لەسەر بنەمای نرخێكی بەرزتر لە نرخی نەوت لە بازارەكان حسێب نەكرێ.
ماجید سووری شارەزای ئابووری لای خۆیەوە رای گەیاند كە رێنماییەكانی بانكی نێودەوڵەتی پێویستە و لە بەرژەوەندی وڵاتن، بەو پێیەی داوای كەمكردنەوەی خەرجییەكانی بەكاربردن دەكەن نەوەك خەرجییەكانی وەبەرهێنان.
لای خۆیەوە جۆزیف سلێوە پەرلەمانتاری عێراق لەو بارەوە وتی: رێنماییەكانی بانكی نێودەوڵەتی و دەستوەردان لە كاروباری بودجە و دیاریكردنی بودجەكە رەنگە لە بەرژەوەندی سەرمایەی بیانی بێت، ئەو بانكی نێودەوڵەتی بەرەچاونەكردنی بەرژەوەندییەكانی عێراق تۆمەتبار كرد.
هەفتەی رابردوو راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە بەهای بودجەی 2017ی عێراق بەنزیكەی 82 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە خەمڵێندراوە بەحسێبكردنی نرخی نەوت بە40 دۆلار و بڕیاریشە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە تاوتوێ بكرێت و دواتر رەوانەی پەرلەمان بكرێت.
وشە