عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی هەڵەبجەی شەهیدی كردو لەنزیكەوە چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری بەسەركردەوەو بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ئەو شارەی كردەوەو بەردی بناغەی سەنتەری منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتیشی كردەوە.
ئەمڕۆ 9/12/ بەڕێز عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیرانی ئاوەدانكردنەوە، كشتوكاڵ و كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و ژمارەیەك لەئەندامانی پەرلەمان و پارێزگاری سلێمانی، سەردانی هەڵەبجەی شەهیدی كرد.
لەم بەسەركردنەوە مەیدانیەدا عیماد ئەحمەد لەنزیكەوە لەگەڵ دانیشتوان و بەرێوەبەری فەرمانگەكانی حكومەت سەبارەت بەچۆنیەتی كاروباری دەزگاكان و ئاستی خزمەتگوزاری لەو شارەدا گفتوگۆی كردو تەئكیدی كردەوە كە هەڵەبجە رەمزی هەموو كوردستانەو دەبێ بەهەموومان خزمەتی خەڵكەكەی بكەین.
لەگەڵ گەیشتنی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ هەڵەبجە، جێگری سەرۆك وەزیران تاجەگوڵینەی لەسەر مەزاری شەهیدانی كیمیاباران داناو دواتر بەردی بناغەی سەنتەری منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی دانا كەبەبڕی 360 ملیۆن و 974هەزار دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەلایەتی جێبەجێدەكرێت،
هەر لەم سەردانەدا عیماد ئەحمەدو وەفدی هاوڕێی بینای تازەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجەی كردەوە كەبڕی یەك ملیارو نۆسەد ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ كراوە، هاوكات پڕۆژەی بەدووسایدكردنی رێگای سلێمانی هەڵەبجەی لەنزیك ناحیەی سیروان بەسەركردەوە كەبەشێكی زۆری تەواو بووەو بەشەكەی تریشی لەجێبەجێكردن دایە، بەبڕی 33ملیار دینار، هەروا پڕۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی بەسەركردەوەو بڕیاریدا گرفتەكانی بەردەم تەواوبوونی ئەم نەخۆشخانەیە چارەسەربكرێت، سەرەڕای بەسەركردنەوەی پڕۆژەی قیرتاوكردن و دروستكردنی شۆستەی بەشێك لەكۆڵان و گەڕەكەكان كەلەسەر بودجەی شارەوانی بەبڕی سێ ملیارو چوارسەد ملیۆن دینار جێبەجێكراوەو تەنیا بەشێكی كەمی ماوە.
لەم بەسەركردنەوە مەیدانیەدا جێگری سەرۆك وەزیران راستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتیان و بەرپرسی فەرمانگەكانی حكومەت و كۆمپانیاكانی جێبەجێكاری پڕرۆژەكان دواو تەئكیدی كردەوە كەدەبێ پڕۆژەكان لەوادەی خۆیان بەو كوالیتیە جێبەجێ بكرێن كەبڕیاری لەسەر دراوە، بەپێچەوانەوە لایەنی كەمتەرخەم روبەڕوی سزای یاسای دەبێتەوە.
لەكۆتایی سەردانەكەیدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ قایمقام و بەرێوەبەری ناحیەو فەرمانگەكانی حكومەت لەو سنورە كۆبوەوە، سەرەتا گۆران ئەدهەم قایمقامی هەڵەبجە بەناوی خۆی و دانیشتوانی شارەكە بەخێرهاتنی عیماد ئەحمەدو وەفدی هاوڕێی كردو رایگەیەاند كەئەم سەردانە نیشانەی گرنگیدانی حكومەتە بەشارەكەیان، قایمقامی هەڵەبجە راشیگەیاند كەحكومەتی هەرێم بایەخی زۆری بەشارەكەو دەوروبەری داوەو بۆ ساڵی 2012 بەبڕی زیاتر لە75 ملیار دینار پڕۆژەی جۆراوجۆر لەسنوری قەزاكە لەجێبەجێكردندان، دواتر چەند داواكاریەكی خستە بەردەم جێگری سەرۆكی حكومەت، كەبریتی بوون لەبەپارێزگا كردنی هەڵەبجەو كردنەوەی چەند بەڕێوەبەرایەتیەكی گشتی و تەرخانكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ ناوچەكەیان.
دوای ئەوە بەرێز عیماد ئەحمەد وتەیەكی پێشكەشكردو وتی: هەڵەبجە هەرچەندە برینێكی قوڵە، بەڵام رەمزی هەموو كوردستانەو ئەركی سەرشانمانە خزمەتی خەڵكەكەی بكەین و بەدەنگ داواكاری و پێداویستیەكانیانەوە بچین، هەروا وتی: جێگەی خۆشحاڵیە كەئێمە خەریكی ئاوەدانكردنەوەی ئەم شارە خۆشەویستەین، تاوانبارانی چەكی كیمیاویش بەرێگەی قانونی بەسزای خۆیان گەیشتون، بەڵام پێویستە كاری باشتر بكەین كەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی واڵیبكەین كەئەگەری دوبارەبوونەوەی كارەساتی لەم جۆرە نەمێنێ.
سەبارەت بەداواكاری شارەكەش رایگەیاند ئێمە كار بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەكەین چونكە شایستەی ئەوەیە ببێتە پارێزگا، چونكە لەدەستوری تازەی عیراقدا هاتووە سەرجەم ئەو یاساو بڕیارنەی لەهەرێم پێش پەسەندكردنی دەستوور دەرچوون كاریان پێدەكرێت و حكومەتی هەرێم بەپشتبەستن بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستان ژمارە11 لە22/9/1999 كار بۆ ئەم هەنگاوە دەكات.
هەر لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران بڕیاریدا كەكار بۆ كردنەوەی ژمارەیەك بەرێوەبەرایەتی گشتی بكرێت، هەروا ئامادەبوانیشی راسپارد بایەخی زیاتر بەپێداویستی و داخوازی خەڵك بدرێت، چونكە وەك جێگری سەرۆك وەزیران باسی لێوەكرد ستراتیژی كابینەی حەوتەمی حكومەت گرنگیدانە بەهاوولاتیان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان.
دواتر جێگری سەرۆكی حكومەت لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئامانجی سەردانەكەی وەفدی باڵای حكومەت بۆ ناوچەكە وچۆنیەتی كاروباری فەرمانگەكانی حكومەت ڕوونكردەوە وسەبارەت بە بارودۆخی سیاسیش وەڵامی پرسیارەكانی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
لەدوا وێستگەی سەردانەكەیدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەشارۆچكەی سیروان لە نزیكەوە لەگەڵ ژمارەیەك هاووڵاتیانی ناحیەكە دواو گوێی لە داخوازی و داواكاریەكانیان گرت و سەبارەت بە كارو چالاكیەكانی فەرمانگەكانی حكومەت و خزمەتكردنی دانیشتوانی ناوچەكە جێگری سەرۆكی حكومەت ڕوونیكردەوە كە ئەركی حكومەتی هەرێمە كە بایەخ بە سەرجەم ناوچەكان بدەین بە بێ جیاوازی و لایەنی پەیوەندیداریشی ڕاسپارد كە داخوازیەكان بگەیەنن و كار بۆ جێبەجێكردنیان بكرێت.