كۆمپانیا جیهانییه‌كان بۆ وه‌به‌رهێنان روو ده‌كه‌نه‌ عێراق

 
ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، نوێنه‌ری‌ چه‌ندین كۆمپانیای‌ گه‌وره‌ی‌ جیهان، گه‌یشتونه‌ته‌ عێراق‌و به‌دوای‌ ده‌رفه‌تی‌ وه‌به‌رهێناندا ده‌گه‌ڕێن.  
رۆژنامه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ جه‌دید بڵاویكرده‌وه‌، له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م مانگه‌دا چوار وه‌فدی‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی‌ جیهان سه‌ردانی‌ عێراقیان كردوه‌‌و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدادا كۆبونه‌ته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر كاركردن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌به‌رهێنان.
رۆژنامه‌كه‌ له‌ زاری‌ به‌رپرسانی‌ ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ عێراقه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ داوه‌، كۆمپانیا گه‌وره‌كانی‌ ئه‌وروپا‌و ئه‌مریكا‌و ئاسیا، به‌دوای‌ ده‌رفه‌تی‌ گونجاودا ده‌گه‌ڕێن، به‌مه‌به‌ستی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ عێراقدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نوێنه‌ری‌ خۆیان ره‌وانه‌ی‌ عێراق كردوه‌، هه‌تا له‌ نزیكه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنن.
به‌رپرسانی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ عێراق رایانگه‌یاندووه‌: ئێستا چه‌ندین ده‌رفه‌تی‌ باش له‌ عێراقدا هه‌یه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان، بۆیه‌ سه‌رنجی‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی‌ جیهانی‌ به‌لای‌ خۆیدا راكێشاوه‌، به‌م زوانه‌ش چه‌ندین گرێبه‌ستی‌ گه‌وره‌ له‌ نێوان داموده‌زگاكانی‌ عێراق‌و ژماره‌یه‌ك كۆمپانیادا ئیمزاده‌كرێن.