ئەندامێكی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، هاووڵاتییانی عێراق 45 ملیار دۆلاری ئەمەریكایییان لە ماڵەكانیان حەشار داوە و هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی متمانەیان بە بانكەكان گەڕاندەوە.
نورە بەجاری ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە خەڵكی هەردوو پارێزگەی نەینەوا و ئەنبار پارەیان لای بانكە حكوومەتییەكانە و حكوومەت بەپاساوی كۆنترۆڵكردنی داعش بۆ هەندێ لقی بانكەكان رێگە بەراكێشانەوەی ئەو پارانە نادات.
بەپێی وتەی شارەزایان نزیكەی 45 ملیار دۆلار كە هی هاووڵاتییانی عێراقە لای خۆیان حەشار دراوە و نایخەنە بانكەكانەوە، ئەوان متمانەیان بەو بانكانە نییە، بۆیە پێویستە حكوومەت پارەی دانراوی هاووڵاتییان لە بانكەكان بداتەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش متمانە بەبانكەكان بكەنەوە.
بەجاری ئاماژەی كرد كە بانكی رافیدێن 13 ترلیۆن دیناری عێراق وەك قەرز بەحكوومەت بۆ مووچەی فەرمانبەران داوە، بۆیە كاتێك بانكەكە داوای قەرزەكە دەكاتەوە، حكوومەت چاوپۆشی لە داواكە دەكات.
ئەو پەرلەمانتارە دووپات دەكاتەوە كە سیاسەتی پێشووی بانكی لە عێراق شکستی خواردووە، بەڵام پێشبینی دەكەین كە لە ساڵی داهاتوودا كاری بانكەكان گۆڕانكاری بەخۆیەوە ببینێت بەهیمەتی شارەزایان.
عێراق لە سێ ساڵی دوایی بەهۆی چەندان تەنگژەوە، تووشی دۆخێكی سەختی دارایی هاتەوە، ئەوەی دۆخەكەی سەختتر كرد، نەبوونی سیستمێكی سەركەوتوو و پێشكەوتووی بانكی بوو، بۆیە تاكە دەربازی عێراق لەو دۆخەی ئێستە، ئەو یەدەگە دراوە بیانییەیە كە لە بانكی ناوەندیدا هەیە.