د.عزەت سابر : وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 50 ملیۆن لیتر بەنزینی بەنرخێكی هەرزان فرۆشتووە

 سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 50 ملیۆن لیتر بەنزینی بەنرخێكی هەرزان فرۆشتووە بە دوو كۆمپانیا و بەوهۆیەشەوە حكومەت 15 ملیۆن دۆلار زەرەرمەند بووە.
دكتۆر عزەت سابر دوو نوسراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بڵاوكردۆتەوە كە تایبەتن بەفرۆشتنی بەنزین بەچەند كۆمپانیایەك، ئەو پەرلەمانتارە رەخنە لەو وەزارەتە دەگرێت كە لەم دۆخی بێ موچەییەدا برێكی زۆر پارەی بەهەدەرداوە‌و قازانجێكی زۆری بەدوو كۆمپانیا گەیاندوە. ئاماژەی بەوەش كردوە حكومەت بڕیاریدا هەموو بەرهەمەكانی بەزیادكردنی ئاشكرا بفرۆشێت، بۆ ئەوەی داهاتی حكومەت زۆربكات و ئەم قەیرانە كەم بكاتەوە، بەڵام بەڵێنەكەی نەبردەسەر بۆیە ئەم قەیرانە چاك نابێت.
عزەت سابر وتیشی، لەڕێی ئەو دوو نوسراوەوە بۆمان دەردەكەوێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەمانگی تەمموزی 2016دا بڕی 30 ملیۆن لیتر بەنزینی فرۆشتووە‌و نرخی هەر لیترێكیش 900 دینار بووە، بەڵام لەمانگی ئابی 2016دا 50 ملیۆن لیتر بەنزینی فرۆشتووە بە دوو كۆمپانیا‌و هەر لیترێكیشی بە 512 دینار پێداون.
لەكۆتاییدا ئەو پەرلەمانتارە بە حكومەت دەڵێت: قازانجی ئەو دوو كۆمپانیایە بەو فەرمانە 
بریتیە لە 5 ملیۆن دۆلار و زیانی حكومەتیش 15 ملیۆن دۆلار، ئەو 15 ملیۆن دۆلارەتان بدایە بە پێشمەرگە دێرینە خانەنشینكراوەكان كێشەكەیان چارەسەر دەبوو.