دوكان؛ كێڵگه‌كانی‌ په‌له‌وه‌ر ڕوو له‌ زیادبوون ده‌كه‌ن

 
سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی، به‌ڵام پرۆژه‌كانی‌ په‌له‌وه‌ر له‌ سنوری قه‌زای دوكان، ڕوویان له‌ زیادبوون كردوه‌ و  به‌ ده‌یان پرۆژه‌ له‌ لایه‌ن هاولاَتییانه‌وه‌ دروست كراون، ساڵانه‌ش به‌ سه‌دان ته‌ن گۆشتی مریشك له‌ سنوره‌كه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و ڕه‌وانه‌ی‌ شوێنه‌كانی‌ تری هه‌رێم ده‌كرێن.

 ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ده‌یان پرۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌یه‌ له‌ سنوری قه‌زای دوكاندا كه‌ به‌بێ هاوكاری حكومه‌ت و ئاوڕ لێدانه‌وه‌یان به‌رده‌وامن له‌  به‌خێوكردن‌و به‌رهه‌مهێنانی مریشك و هاوكات جگه‌ له‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان كارگه‌یه‌كی ئالیك و سه‌ربڕخانه‌یه‌كیش له‌ سنوره‌كه‌دا هه‌ن، لێپرسراوی زه‌وی و زاریش له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی دوكان ده‌ڵێت سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی پرۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان رویان له‌زیاد بونه‌. 

خاوه‌ن پڕۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان رای ده‌گه‌یه‌نن؛ ماوه‌ی دوساڵه‌ هیچ هاوكارییه‌ك نه‌كراون و له‌سه‌ر گیرفانی خۆیان به‌رده‌وامن له‌ پڕۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانیان، ده‌شڵێن: زۆرجار دوچاری زیانی گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌ و كه‌س نییه‌ زیانه‌كانیان بۆ قه‌ره‌بو بكاته‌وه‌. 

له‌ سنوری قه‌زای دوكاندا ۱۰٤ پرۆژه‌ی په‌له‌وه‌ری له‌ جۆری مریشك هه‌یه‌و خاوه‌ن پڕۆژه‌كانیش ده‌ڵێن: گه‌ر هاوكاری بكرێن ده‌توانن پڕۆژه‌كانییان فراوان و به‌رهه‌میش زیاتر بكه‌ن، وه‌ لێپرسراوی هۆبه‌ی ڤێته‌رنه‌ری دووكانیش باس له‌وه‌ ده‌كات ماوه‌ی دوو ساڵه‌ هیچ هاوكارییه‌كی خاوه‌ن پڕۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان نه‌كراوه‌و  چاودێری ته‌ندروستیشیان وه‌ك پێویست له‌سه‌ر نییه‌ .