یەكێك لەخۆشترین وڵاتەكانی ئەوروپا پەنابەر وەردەگرێت

 
لەسەر پێگەی رەسمی خۆی، حكومەتی سوید باسی دابینكردنی ژیانێكی ناوازە دەكات بۆ ئەو كەسانەی خوازیارن بێنە وڵاتەكەی بۆ ژیان كردن.
سایتەكە لەژێر ناونیشانی “سێ هۆكاری باش بۆ كاركردن لە سوید”، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوانەی خوازیارن، لە دەرەوە بێنە سوید و پسپۆڕی و شارەزایییان هەیە، دەتوانن كار بكەن و حكومەتیش ژیانێكی پڕ لە خۆشگوزەرانییان بۆ دابین دەكات.
سایتەكە دەڵێت “لە كاری پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا، حكومەتی سوید ئەولەویەت دەدات بە كاركردن وەك هێزی پاڵنەر بۆ هەلی كار و گەشەكردن.
سایتی رەسمی حكومەتی سوید ئەوەشی نووسیوە “وزە و سیاسەتی ژینگەیی و ڕێكخستنی سیاسەتی كۆچكردن و پەنابەران لەسەر بناغەی پارێزراو و ئاسایشی جیهانی دابین دەكرێت”.
حكومەتی سوید ئاشكرایكردووە، ئەوانەی پسپۆڕییان هەیە لە هەر یەكێك لە بوارە گرنگەكانی ژیان، دەتوانن بە گوێرەی یاسای كۆچی سوید بەڵگەنامە پێشكەش بكەن و مافی پەنابەرێتییان پێ دەدرێت.
هەروەها ئاماژەی داوە، ئەگەر كەسێك پسپۆڕی هەبێ بۆ نموونە لە بواری كارەبا، ئەوا دوای گرتنەبەری رێوشوێنە یاسایییەكان، لە نێو شاردا خانوویەكی سێ ژووری و لە دەرەوەی شاریش خانوویەكی بچووكی بۆ بەسەربردنی كاتی پشووەكانی پێ دەدرێت، هاوكات كەسەكە و هاوسەرەكەشی ئۆتۆمبێلی گازیان پێ دەدرێ و دوو منداڵیشیان دەخرێتە خانەی چاودێریی منداڵانەوە و حكومەت بەخێویان دەكات. 
حكومەتی سوید ئەوەشی راگەیاندووە “ئەگەر بتەوێ دەتوانی خێزانەكەشت بێنیتە سوید و مافی مانەوەیان بۆ وەربگریت، بەو مەرجەی بەڵگەی پێویست بخەیتە روو كە پێوەندی هاوسەرگیرییەكەتان رەسمی و یاسایییە. دوای شەش مانگ مانەوەی ئەندامانی خانەوادەكەت لە سوید، ئەگەر لە تەمەنی كاركردندا بوون، ئەوانیش دەتوانن كار بكەن یاخود بخوێنن.
پێگەگە نووسیویەتی، ئەمە پلانێكی بەهێزە بۆ كاركردن و داهاتووی خانەوادەكەت، چونكە هەموو مافێكتان پێ دەدرێ هاوشێوەی هاووڵاتییەكی سویدی، هەر لە بەخێوكردنی منداڵ و دەستەبەر “بیمە”ی تەندروستی و مووچەی باش و دڵنیایی ژیانتان دەكرێ. 
سەرچاوە:دوارۆژ