وەزیری نەوت :پێداچوونەوە دەكەین بەگرێبەستی كۆمپانیا بیانیەكان

 وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند پێداچوونەوە بەگرێبەستە نەوتیەكان و هەوڵی چارەسەركردنی ناكۆكی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند دەدەن.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عیراق جەبار لعێبی وەزیری نوێی نەوت لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ بریكار و پشكنەر و بەرێوەبەرە گشتیەكان وەزارەت دۆسێی نەوتیان تاوتوێكردووە و تەئكیدكراوەتەوە لەپێویستی كاركردن وەك یەك تیم لەپێناو پاراستنی سەروەتی نەوتی و پەرەپێدانی لەگەڵ دۆزینەوەی پلان و بیرۆكەی نوێ كەببێتە هۆی زیادكردنی داهاتی نەوت بۆ پشتیوانی كردنی زیاتری خەزێنەی وڵات.
لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری نوێی نەوتی عیراق تەئكیدی كردۆتەوە لەسەر پێویستی چارەسەركردنی یەكلاكردنەوەی كێڵگە نەوتیە هاوبەشەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ زیادكردنی رێژەی بەرهەمی نەوت و گاز و پێداچوونەوەی گرێبەستە نەوتیەكان لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان و پتەوكردنی رۆڵی عیراق لەرێكخراوی ئۆپیك.
هەر لەكۆبونەوەكەدا وەزیری نەوتی عیراق بەڵێنیدا بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێم لەسەر دۆسێی نەوت.