ئوسترالیا بەشێك لە كەمپەكانی دەرەوەی دادەخات و پەناخوازەكانیشی وەرناگرێت هەردوو حكومەتی پاپانیوگینیا و ئوسترالیا بڕیاریاندا بە داخستنی كەمپەكانی ناو دوورگەی مانوسی پاپانیوگینا. بڕیاری داخستنی ئەو كەمپانە لە پاش كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی پاپانیوگینیا و وەزیری كۆچی ئوسترالیا ڕاگەیەندرا و هەردوو ووڵات ڕێككەوتوون لەسەر داخستنی ئەو كەمپانە.
هەرچەندە هیچ ووردەكاریەك لەبارەی ئەو ڕێكەوتنەوە تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە ، بەڵام لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزیری كۆچی ئوسترالیا دووپاتیكردووە كە سەرەڕای بڕیاری داخستنی ئەو كەمپانە ، هیچ كام لەو پەناخوازانەی لەو كەمپانەدان لە ئوسترالیا نیشتەجێ ناكرێن و سووربوونی حكومەتی ووڵاتەكەشی لەبارەی گێرانەوەی بەلەمی پەناخوازان بۆ ئەو وڵاتەی لێوی هاتوون دووپاتكردەوە.
پەنابەرانی دوورگەی مانوسی ئەو كەسانە بوون كە پێشتر ویستویانە بە قاچاخ و لەڕێگەی بەلەمەوە خۆیان بگەیەننە ئوسرالیا بەڵام لەلایەن هێزە دەریایەكانی ئوسترالیاوە دەستگیركراون و ڕەوانەی كەمپەكانی دەرەوەی ئوسترالیا كراون و بەوەش بەپێی یاساكانی كۆچی ئوسترالیا ڕێگەیان پێنادرێت داوای مافی پەنابەرێتی لە ئوسترالیا بكەن.
هەرچەندە ژمارەی پەنابەرانی بەڕەگەز كورد لەناو ئەو كەمپانەدا دیار نیە ، بەڵام میدیاكان و ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لەمافی پەنابەران باس لە بوونی چەندین پەناخوازی كورد دەكەن لەو كەمپانەدا و خراپی بارودۆخی ئەو پەنابەرانەش بۆتە جێگەی نیگەرانیان چونكە بەشێك لەو پەناخوازنە نزیكەی سێ ساڵە لەو كەمپانەدا دەستبەسەرن.