لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی موچەدا بەشێک لە هاوڵاتیانی دانیشتوی شاری سلێمانی گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکان سەرقاڵن بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداریەوە بەتایبەتی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ئەو دیاردەیە زیاتر بەدی دەکرێت و بەشێک لە گوندەکانی گەرمیان ڕێژەی ماڵەکان بەراورد بە پێش قەیرانی دارایی زیادی کردوە.
عوسمان غەفور دانیشتوی ناحیەی ئاوەسپی لە گەرمیان دەڵێت: هیوادارم خەڵک زیاتر بێتەوە گوندەکان چونکە ئێستا جیاواز لە ڕابردوو کە وەزعی گوندەکان خراپ بوو بەڵام ئێستا هەموو خزمەتگوزاریەکی وەک ئاو وکارەبا و جادەی قیرمان بۆ دابین کراوە.
جەلال هاوڵاتیەکی تری ئاحیەی ئاوەسپیە دەڵێت: ئەگەر لە پێش ئەم قەیرانەدا گوندێت ٤ ماڵ بوو بیت ئێستا بووە بە ١٠ ماڵ ٦ ماڵ زیادی کردووە تەواوکردنی بەنداوی ئاوەسپیش لە گەرمیان کاریگەری زیاتری ئەبێت بۆ گەرانەوەی خەڵک بۆ گوندەکان چونکە بە تەواوکردنی بەنداوەکە ناوچەکە ئەبێتە ناوچەیەکی کشتوکاڵی و گەشتیاری گرنگ.
بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزاریەکانی رێگاوبان و کارەبا و ئاو و قوتابخانە و بنکەی تەندروستی گەیەندراوەتە ئاوایەکان بەڵام هێشتا پێویستیان بە هاوکاری زیاتری حكومەت هەیە بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری گوندەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان بەرێوبەری ناحیەی ئاوەسپی ڕایدەگەیەنێت پێویستە حکومەت بەرنامەو پلانی نوێی هەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری دێهاتەکانی گەرمیان.
بەرپرسانی ناوچەکەش دەڵێن: ناحیەی ئاوەسپی بریتیە لە ٣٧ گوند کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی بە کشتوکاڵی و ئاژەڵداریەوە خەریکن قەیرانی داراییش کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەسەر خەڵک بۆ ئەوەی بگەرێنەوە گوندەکان و بەکشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە خەریک بن بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم زیاتی گرنگی بدات بە پاڵپشتی بەروبومی خۆماڵی و وەرگرتنی گەنم و داناوێلە کە لەئێستادا ئێمە گرفتی ئەوەمان هەیە سایلۆمان کەمە ناتوانین ساڵانە وەک پێویست گەنمو جۆ و دانەوێڵە لە جوتیاران وەربگرین، ئەگەر حکومەت هەوڵ بدات و میکانزمی گونجاو بگرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە بەدڵنیایەوە ئەو خەڵکانەی گەڕاونەتەوە دڵخۆش ئەبن و بەرهەمیان زیاتر دەبێت.
هەرێمی کوردستان خاوەنی ڕووبەرێکی فراوانی زەوی کشتوکاڵی و سامانێکی گەورەی ئاژەڵداریە بەتایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان بۆیە ئەگەر بێت و حکومەت بەرنامە و پلانی زیاتری هەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان جگە لەوەی هەلی کارکردن بۆ سەدان کەس دەڕەخسێت لەهەمان کاتیشدا ڕۆڵی باشی دەبێت لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری کوردستان.
گیرفان بەتاڵی و قەیرانی دارایی بەشێکی زۆری گوندەکانی گەرمیانی ئاوەدان کردۆتەوە بۆیە لە ئێستادا جوتیاران و دانیشتوانی گوندەکان لەگەڵ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ئاشتبونەتەوە و پێویستە حکومەتیش بەرنامە و پلانی لەپشتی ئەو ئاوەدانیەوە هەبێت بۆ ئەوەی ئەم ناوچانە ببێتە مایەی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری کوردستان و دروستبوونی هەلی کار و ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان.