سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە کەناڵی گەلی کوردستانی رایگەیاند: لە ئایندەیەكی نزیكدا كونسوڵخانەی توركیا لە كوردستان، نوسینگەیەكی خۆی لەشاری سلێمانی دەكاتەوە، كە ئەوەش ئاسانكاریەكی باش دەبێت بۆ بازرگانان تا لەكاتی خۆیدا ڤیزایان پێ بدرێت.
ماوەی چەند مانگێكە توركیا رێوشوێنی توندی گرتۆتەبەر بۆ پێدانی ڤیزا بە بازرگانانو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بوەتەهۆی ئەوەی كە ئاستی جموجۆڵە بازرگانیەكانیش كەمببێتەوە.
لەوبارەیەشەوە سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی دەڵێت: چەند جارێك وەك یەكێتی ژوورە بازرگانیو پیشەسازیەكانی كوردستان دانیشتنمان لەگەڵ كونسوڵی توركیا لە كوردستان ئەنجامداوە، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی درەنگ پێدانی ڤیزا، ئەوانیش بڕیاریاندا كە كۆمپانیایەك لە هەولێر دیاری بكەن بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو بازرگانانەی، كە داوای ڤیزای توركیا دەكەن، لەبەرامبەر بڕێك پارەی كەم كە نرخەكەی نزیكەی 50 دۆلارە.
سیروان محەمەد راشیگەیاند: كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر بڕیاریداوە نوسینگەیەك لەشاری سلێمانی بۆ پێدانی ڤیزا بكاتەوە، لەدوای كردنەوەی ئەو نوسینگەیەش، چیتر هاوڵاتیانو بازرگانانی پارێزگای سلێمانی، پێویست ناكات سەردانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر بكەن.