توركیا پەیوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئاسایی دەكاتەوە

توركیا پەیوەندیە ئابووریەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئاسایی دەكاتەوە‌و داواش لە میسر دەكات گەمارۆكانی لەسەر هاوردەكردنی كاڵای توركی هەڵبگرێت.
(بوڵنت تفنگجی) وەزیری بازرگانی و گومرگی توركیا بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە: ئەنقەرە دەستپێشخەر دەبێت لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی‌و گەشەپێدانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی میسر‌و لابردی سەرجەم رێگرییەكانی جۆڵەی بازرگانی نێوانیان. 
داواشی لە میسر كرد كە وەك نیەتپاكیەك بەرامبەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان، گەمارۆی سەر هاوردەكردنی كاڵا‌و شمەكی توركی هەڵبگرێت.
لەساڵی 2012دا میسر‌و توركیا گرێبەستی هێڵی بازرگانی لەگەڵ توركیا ئیمزاكرد، بەمەبەستی ئاسانكاری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان، بەڵام حكومەتی قاهیرە لەساڵی 2015دا گرێبەستەكەی لەگەڵ ئەنقەرە نوێ‌ نەكردەوە.