وەزیری كشتوكاڵی هەرێم: بەرهەمهێنانی زۆربەی بەروبومە سەرەكیەكان لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە

عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵی هەرێم رایگەیاند: بەرهەمهێنانی زۆربەی بەروبومە سەرەكیەكان لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە‌و هەوڵمانداوە لە دەرەوەی كوردستان بازاڕیان بۆ بدۆزینەوە.
عەبدولستار مەجید لەسەردانێكیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا‌و رایگەیاند: لەڕووی بەرهەمهێنانی گەنم‌و گۆشتی سوور‌و گۆشتی پەلەوەر‌و هێلكە‌و پەتاتە‌و پیاز‌و چەند بەرهەمێكی تر گەیشتوینە ئاستی خۆژێنی‌و بەشێك لەو بەرهەمانەش لە پێداویستی هەرێمی كوردستان زیاترن.
عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەشكرد: لەماوەی دوو ساڵدا مۆڵەتیانداوە بە 114 پڕۆژەی پەلەوەر‌و یەك پڕۆژەی هێلكە‌و 3 پڕۆژەی دایكانە‌و 3 پڕۆژەی هەڵهێنانی جوجك، هەروەها 59 پڕۆژەی ئاژەڵی‌و 34 پڕۆژەی ماسی‌و 55 پڕۆژەی باخداری‌و 4 كارگەی ئالیك مۆڵەتیان پێدراوە.
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ئاشكرای دەكات: لەگەڵ بەغدا لەسەر خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان رێككەوتووین.
 
عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێم باسی لەهەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پێدانی پارەی گەنمی جوتیاران‌و رایگەیاند: لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عیراق لەسەر ئەو پرسە رێكەوتووین و بەغدا شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان دابین دەكات.