عەبادی ئەو بەڵێنەی نەبردە سەر کە بە جوتیارانی هەرێمی دابوو

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنەکەی نەبردە سەر کە پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم بنێرێت.
هۆشیار عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە، سێ مانگ لەمەوبەر و لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا کاتێک لەگەڵ عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، تاکە بەڵێنک کە ڕایگەیاند ئەوەبوو کە لە مانگی حەوتدا دەست دەکرێت بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٤.
ئەوەشی وتووە، سێ مانگ تێپەر دەبێت بەسەر بەڵێنەکەی عەبادیدا، بەڵام هێشتا جێبەجێی نەکردووە.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان باسی لەوە کردووە، عەبادی ئەو کاتە وتوویەتی: “لە مانگی پێنجەوە فەرمانم داوە بە وەزارەتی دارایی کە لە مانگی حەوت بە چەند وەجبەیەک پارەکە بدەن؛ ئەو وەزارەتە کە وەزیر و بریکاری وەزیرەکەی کوردن حەقە قسەیەکیان لەو بارەیەوە هەبێت و بێدەنگ نەبن” .
ئاشکراشی کردووە، بابەتی پارەی گەنمی جوتیاران کێشەیەکی گەورەیە و پەیوەستە بە ئاسایشی خۆراکەوە، هاوکات دەبێت وەزیرە کوردەکان لێی بێنە دەنگ چونکە لە پەرلەمانی عیراق کراوەتە بڕیار.