دزەیی: ئەو پارەیەی كە ئەمریكا دابینی دەكات بەشی لەسەدا 30 موچەی پێشمەگە دەكات

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: تاكو نەزانرێت داهات حكومەت چەندە، دەست ناكرێت بەدابەشكردنی موچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران.
سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: تاوەكو ئەو خشتەیە تەواو نەبێت كە وەزارەتی دارایی بۆ ئەم هەفتەیەو هەفتەی داهاتوو دایناوەو نەزانرێت داهات چەندە ناتوانرێت خشتەی نوێ‌ دابڕێژێت بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران.
ئەم وتانەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كاتێكدایە پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندبوو: رۆژانی سێ شەممە و چوار شەممە و پێنج شەممە كە دەكاتە 16 و 17 و18ی ئاب، مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە دابەش دەكرێت، هەروەها رۆژانی یەك شەممە و دوو شەممە و سێ شەممە كە دەكاتە 21 و 22 و 23ی ئەم مانگە، مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی دابەش دەكرێت، پاشان لە رۆژی چوارشەممە و پێنج شەممە كە دەكاتە 24 و 25ی ئاب، مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێت.
سەبارەت بە دابینكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەش كە وابڕیارە لەلایەن ئەمریكاوە دابین بكرێت، سەفین دزەیی وتی: ئەو پارەیەی كە ئەمریكا دابینی دەكات بەشی لەسەدا 30 موچەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و لەسەدا 70ی تری حكومەتی هەرێم دابینی دەكات.