جەبار لعێبی وەزیری نوێی نەوتی عێراق رای گەیاند كە چارەسەركردنی كێشەی نەوت لە نێوانی بەغدا و هەرێمی كوردستان ئەستەم نییە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەگەری دەست پێكردنەوەی هەوڵەكان بۆ وتوێژكردن لەو بارەوە.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پێنج وەزیری نوێی كابینەی ویزاری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دا و یەكێك لەوان كازم لعێبی وەزیری نەوت بوو كە لە یەكەم لێدوانیدا جەختی لە چاكسازی لە كەرتی نەوت و زیادكردنی بەرهەمهێنان و هەناردن و نەهێشتنی كێشەكانی نەوت كردەوە.
لعێبی لەو بارەوە بەتەلەڤزیۆنی “سۆمەرییە”ی راگەیاند، لەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستانەوە لەسەر نەوت چەندان رێگە بۆ چارەسەركردنیان هەیە و هیچ ئەستەم و سەختییەك لەو بارەوە نییە.
ناكۆكییەكانی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ساڵانی 2009 دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەش هەر بەردەوام بوو تا لە ناوەڕاستی 2014 هەرێم سەربەخۆیانە و بەبێ رەزامەندی بەغدا نەوتی خاوی خۆی لە رێگەی بەندەری جیهانی توركیا هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كرد.
كێشەكە لە دەسەڵاتی فرۆشتن و بڕی فرۆشراوی نەوت دروست بوو و بەغداش ئەو بابەتەی بەبودجە و پشكی هەرێم لە بودجە بەستەوە كە لە بڕگەیەكی یاسای بودجەی عێراق هاتووە كە پێویستە لە بەرامبەر دابینكردنی 17%ی بەشەبودجەی هەرێم، هەرێم رۆژانە بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكان خۆی و كەركووك بۆ بەرژەوەندی بەغدا بفرۆشێت.