به‌غدا، پێدانی‌ ده‌رماڵه‌ی‌ خوێندكارانی‌ كه‌ركوك هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و خوێندنی‌ باڵا له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ڕایگه‌یاند، به‌غدا، به‌رده‌وام دژایه‌تی‌ داواكاریه‌كانیان ده‌كات، له‌نوێترین بڕیاریشدا، وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ عێراق، بڕیاری‌ پێدانی‌ ده‌رماڵه‌ی‌ خوێندكارانی‌ كه‌ركوكی‌ هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌.
(په‌روین محه‌مه‌د) سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و خوێندنی‌ باڵا له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك رایگەیاند، ساڵی‌ ڕابردوو  ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك بڕیاریدا، بڕی (10) ملیار دینار له‌بودجه‌ی‌ پترۆدۆلاری‌ شاره‌كه‌ بۆ ده‌رماڵًه‌ی‌ خوێندكارانی‌ زانكۆ‌و په‌یمانگه‌ی‌ خه‌رج بكرێت‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، به‌ڵێنیان به‌خوێندكاراندا، مانگانه‌ بڕی‌ (150) هه‌زار دیناریان پێ بدرێت.
وتیشی‌:”وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ عێراق، ئه‌و داواكارییه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكی‌ ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌و بڕیاره‌كه‌شی‌ هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌”.
سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و خوێندنی‌ باڵا له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، به‌غدا، به‌رده‌وام دژی‌ خواست‌و داواكاریه‌كانی‌ كه‌ركوك كارده‌كات‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پشتگیریان ناكات، له‌زۆربه‌ی‌ كاره‌كانیاندا، كێشه‌‌و گرفتیان بۆ دروستده‌كات.