په‌رله‌مانتارێك داوایه‌كی به‌په‌له‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كات

 
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان داوای دابینكردنی پاره‌ی خوێندكارانی تواناسازی ده‌كات‌و ڕِاشیده‌گه‌یه‌نێـ، بارودۆخی خوێندكارانی كورد له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌.
(د.شوان قه‌ڵادزێ) ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌په‌یامێكدا كه‌ ئاراسته‌ی (نێچیرڤان بارزانی‌) سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كردووه‌و ڕایگه‌یاندووه‌، زیاتر له‌سێ هه‌زار خوێندكاری‌ تواناسازی‌ به‌پێی‌ گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نێردراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان، به‌مه‌به‌ستی‌ ته‌واوكردنی‌ خوێندنی‌ باڵا، به‌ڵام به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ نه‌تواندراوه‌ شایسته‌ داراییه‌كانیان بۆ خه‌رجبكرێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی‌ چه‌ندین گرفت بوونه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌، زیاتر له‌ (100) خوێندكار به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ شكستیان هێناوه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوردستان ‌و ئه‌و بڕه‌ش كه‌ وه‌ریان گرتووه‌ به‌ قیست لێیان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌.
(د.شوان قه‌ڵادزێ) ئه‌وه‌یخستۆته‌ڕوو، به‌شێك له‌و خوێندكارانه‌ خوێندنیان ته‌واو كردووه‌، به‌ڵام بڕوانامه‌یان پێ‌ نادرێت، چونكه‌ پاره‌ی‌ زانكۆیان نه‌داوه‌، به‌شێكی‌ تریش به‌ قه‌رز خوێندنیان ته‌واو كردووه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوردستان، حكومه‌تی‌ هه‌رێم قه‌رزه‌كه‌یان بۆ ناگه‌ڕێنێته‌وه‌.
هه‌ر له‌و په‌یامه‌دا، وتویه‌تی:” ڕۆژانه‌ چه‌ندین خوێندكاری‌ تواناسازی‌ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ ده‌كات‌و سكاڵا له‌ژیانی‌ خۆیان ئه‌كه‌ن‌و داروخانی‌ ده‌رونی‌‌و مه‌عنه‌وی‌ خۆیان ڕائه‌گه‌یه‌نن‌و ئه‌ڵێن وێنه‌ی‌ ژیانی‌ ئێمه‌ له‌جیهان وێنه‌ی‌ نییه‌و خوێندكارانی‌ سۆماڵی‌‌و هندی‌‌و فلیپینی‌‌و به‌ نگلادیشی‌ ژیانیان له‌ئێمه‌ شكۆمه‌ندانه‌ تره‌”.