جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی: سەیرانبەند پەرە بە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەدات

 
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کردنەوەی خاڵی سنوری سەیرانبەندی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان بە خاڵێکی ئەرێنی ناو برد و وتی: کردنەوەی ئەم خاڵە سنورییە بە مانای پێشکەوتنە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی.
 یاسین ڕەحیم فەرەج بە پەیامنێری هەواڵدەری ئێرنای ڕاگەیاندووە: هێشتا لەو خاڵە سنورییە هەندێک کێشە و گرفت دەبینرێت کە هیوادارین بەزووی چارەسەربکرێ و ئامادەبوونی زیاتری کۆمپانیا ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان ببینین.
ناوبراو جەختی کردەوە: ئەگەرچی هەرێمی کوردستان لە هەل و مەرجێکی تایبەتی ئابوریدایە، بەڵام کەرتی تایبەتی هەر دوولا بەردەوامن لە چالاکییەکانیان و دەتوانن لەم دۆخە بە مەبەستی باشتربوونی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و هەرێم کەڵک وەربگرن.
یاسین ڕەحیم فەرەج هەروەها وتی: کۆمپانیاکانی ئێران بە گشتی لە لایەن کۆمپانیاکانی تورکیاوە ڕکابەرێتی دەکرێن و پێویستە بزانن کە بە مەبەستی بەشداری و مانەوە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان سیستەمی گونجاوی فرۆشتن و دانانی نرخ لە بەرچاو بگرن.
خاڵی سنوری سەیرانبەندی بانە، لە پێناو گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان وەک خاڵێکی سنوری فەرمی کرایەوە.