کۆمپانیاى دانە غاز لە ڕاپۆرتى دارایی خۆیدا کاتى دادگاییەکى ترى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستاندا ئاشکرا کرد.
دانەغاز بڵاویکردووەتەوە دادگاى لەندەن بۆ دادوەرى نێودەوڵەتى دوو دانیشتنى بڕیاردان ئەنجام دەدات لەبارەى پرسى گرێبەستەکەیان لەگەڵ حکومەتى هەرێم و مەسەلەى قەرەبووکردنەوەیان بەو زیانانەى کە بە کۆمپانیاکە کەوتوون و لەبەرامبەریشدا داخوازى حکومەتى هەرێم بۆ قەرەبوو کردنەوە.
دانە غاز ئاشکراى کردووە دانیشتنى یەکەمى دادگاى لەندەن لە ٥ى ئەیلولى داهاتوو بەڕێوە دەچێت و بۆماوەى دوو هەفتە بەردەوامى دەبێت. بەڵام تا ئێستا کاتى دانیشتنى دووەم و کۆتایى بڕیاردان لەسەر کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتى هەرێم دیارینەکراوە، بەڵام پێشبینى دەکرێت لە کۆتایى ساڵى ٢٠١٦ یان سەرەتاى ساڵى ٢٠١٧دا ئەنجام بدرێت.
کۆمپانیاى دانە غاز کە ڕاپۆرتى قازانج و تەواوى داهاتى کۆمپانیاکەى بۆ چارەکى دووەمى ئەمساڵ و نیوەى ئەمساڵ بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەى بەوەداوە کۆمپانیاکە توانیوویەتى سەقامگیرى لە بڕى بەرهەمى خۆى لە هەرێم ڕابگرێت، کە لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا ڕۆژانە ٢٦ هەزار و ١٠٠ بەرمیل نەوتى بەرهەمهێناوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کەلەهەمان ماوەى ساڵى ڕابردوودا بڕى بەرهەمى کۆمپانیاکە ٢٦ هەزار و ٢٥٠ بەرمیل نەوت بووە.
هەروەها کۆمپانیاى (گافنى کلاین ئاند ئەسۆشیەتس) لە ڕاپۆرتى خۆیدا کە لەمانگى نیسان بڵاویکردووەتەوە جەختى لەوە کردووەتەوە کە یەدەکى کێڵگەکانى (خۆر مۆر) و ( چەمچەماڵ) و (پێرل پێترۆلیەمى سنووردار) یەکێکن لە گەورەترین کێڵگەکانى غاز لە هەرێم و تەنانەت سەرتاسەرى عێراقدا.
وەکو لە ڕاپۆرتى کۆمپانیاکەدا هاتووە یەدەکى جەختلێکراوە ئەگەرى هەیە لە کێڵگەى (خۆرمۆر) ٨ پۆینت ٥ تریلیۆن پێ چوار گۆشە گاز هەبێت، و ١٩١ ملیۆن بەرمیل نەوتى تێدا هەیە. بڕى دانە غاز لەو کێڵگەیە (%٣٥)ـە کە دەکاتە نزیکەى ٣ تڕیلیۆن پێ چوارگۆشە گاز و ٦٧ ملیۆن بەرمیل لە نەوتى خاو.
سەبارەت بەکێڵگەى چەمچەماڵیش یەدەکى جەختلێکراوە ئەگەرى هەیە لە کێڵگەکەدا ٦ پۆینت ٦ تریلیۆن پێ چوارگۆشە غاز بێت و ١١٩ ملیۆن بەرمیل نەوتى خاوى تێدا بێت. کە بەهەمانشێوە پشکى (٣٥%)ى دانە غازە کە دەکاتە ٢ پۆینت ٣ تریلیۆن گاز و ٤٢ ملیۆن بەرمیل نەوتى خاو.