“دوای پشكنینی پزیشكی كەمئەندامان، وەزارەتی كار، نزیكەی 40 هەزار خاوەن پێدوایستی تایبەت لە موچە، بێبەش دەكات” ئەمە بەپێی قسەی سكرتێری لقی سلێمانی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان.
لەماوەی (360) رۆژی رابردودا، خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان تەنها (120 هەزار) دینار موچەیان لەلایەن حكومەتەوە پێدراوە، بەوهۆیەوە ئێستا لەلایەن (7) رێكخراوی سەربە یەكێتی كەمئەندامان هاوكاری خێرخوازی بەسەر (400) خێزاندا دابەشدەكرێت كە لەلایەن كۆمپانیای “قەیوان”ەوە دابین كراوە.
ژمارەیەك لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان قسەیان بۆ (تۆڕی میدیای گۆڕان) كرد، ئەوان نیگەران بون، وەك خۆیان باسیان كرد، بێ موچەییو خراپی ژیانو گوزەرانی خێزانەكان، وایكردوە دەیان كێشەی كۆمەڵایەتییان بۆ دروست ببێت.
سامان حسێن سكرتێری لقی سلێمانی یەكێتی كەمئەندامان رایگەیاند، دوای بڕیارەكەی وەزارەتی كار بۆ دوبارە پشكنینی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بۆ دیاریكردنی رێژەی كەمئەندامییان، نزیكەی (40 هەزار) خاوەن پێداویستی تایبەت لە موچە بێ بەشدەكرێن.
لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە (100 هەزار) خاوەن پێدوایستی تایبەت هەن، بەهۆی بونی گومان لەو رێژەیە، ئێستا لیژنەیەك بۆ دوبارە پشكنینەوەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان پێكهێنراوە.