باڵوێزی ئه‌نده‌نوسیا: دەمانەوێت کاری بازرگانی لە گەڵ سلێمانی فراوان بکەیەن

بۆزیاتر لێک نزیکبونه‌وه‌ی کاری هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌نده‌نوسیا و شاری سلێمانی سه‌فیری ئه‌نده‌نوسیا له‌ عێراق سه‌ردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی کرد.
سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی پێشوازیکرد له‌ (بامبانگ ئه‌نریکسۆ) باڵوێزی ئه‌نده‌نوسیا له‌ عێراق.
له‌کۆبونه‌وه‌یه‌کدا سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ڕایگه‌یاند” هه‌رێمی کوردستان ناوچه‌یه‌کی ئارامه‌ له‌ عێراقدا زۆرێک له‌ کۆمپانیا بیانیه‌کان کاری تیاده‌کەن و به‌رده‌وامن، وه‌ شاری سلێمانی به‌رده‌وام له‌ پێشکه‌وتندایه‌ توانیویه‌تی له‌ زۆربه‌ی بواره‌کاندا سه‌رکه‌وتوانه‌ کاربکات”
ڕاشی گه‌یاند: گه‌وره‌تیرن پیشه‌سازی عێراق له‌ کوردستانه‌ %٣٠ پیشه‌سازی له‌ سلێمانیه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ چیمه‌نتۆدا که‌ ته‌واوی عێراق دابین ده‌کات، وه‌ له‌شاری سلێمانی دووه‌م گه‌وره‌کارگه‌ی ئاسن هه‌یه‌ له‌سەر ئاستی ناوه‌راستی ڕۆژهه‌ڵاتدا وه‌ ئه‌مانه‌ هێشتا له‌خواستی ئێمه‌دا نیه‌ ده‌بێت کارگه‌ی زۆرتر هه‌بێت.
سیروان محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی ڕونکرده‌وه‌: له‌کاتێکدا حکومه‌تی عێراق گومرگی زیاد کردووه‌ له‌سه‌ر کاڵاکان ئێمه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین به‌رهه‌می ناوخۆی زیاد بکه‌ین و کارگه‌ی زیاتر بهێندرێته‌ کوردستانه‌وه‌ به‌تایبه‌ت شاری سلێمانی.
داواشیکر، باڵوێزی ئه‌نده‌نوسیا: پێویسته‌ کار بکات بۆ هێنانی کارگه‌ بۆ کوردستان و هانی وه‌به‌ر هێنه‌ره‌کانیان بده‌ن له‌ کوردستان کارگه‌ دابنێن وه‌ک ژوری بازرگانی وپیشەسازی سلێمانی ئاماده‌ین بۆ هه‌موو هاوکارییه‌ک.
سیروان محه‌مه‌د باسی ئه‌وشیکرد: که‌ ژوری بازرگانی سلێمانی له‌ سه‌ر ئاستی عێراق یه‌که‌مه‌ له‌ دروستکردنی ناوچه‌یه‌کی کۆگا بۆ بازرگانه‌کانی له‌ سه‌ر شێوه‌ی مۆ دێرن وه‌ ده‌توانین هاوکاری کۆمپانیا ئه‌نده‌نوسیه‌کان بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌و کۆگایانه‌ شوێنیان بۆ دیاری بکه‌ین و شوێن کاری خۆیان بچه‌سپێن.
لای خۆشیه‌وه‌ بامبانگ ئه‌نریکسۆ ڕایگه‌یاند: له‌ ئیستادا زۆر پێمخۆشه‌ له‌ پێشکه‌وتنه‌کانتان ئاگاداربم و کۆمپانیاکانمان له‌گه‌ڵتاندا به‌شداربن وه‌ له‌ پێشانگاکاندا به‌شداربین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کوردستاندا کاره‌کانمان بناسرێت.
ڕاشی گه‌یاند: ئێمه‌ سه‌رجه‌م کۆمپانیاکانمان ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه‌ له‌ هه‌بونی پێشانگای گه‌وره‌و فراوان له‌شاری سلێمانی که‌ ساڵانه‌ ده‌کرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌شداری بکه‌ن .
باڵوێزی ئه‌نده‌نوسیا داواشی له‌ سه‌رۆکی ژوری بازرگانی و پیشه‌ سازی سلێمانی کرد که‌ له‌مانگی داهاتودا له‌ ١٢ بۆ ١٦ مانگ گه‌وره‌ترین پێشانگا ده‌کرێته‌وه‌ له‌ وڵاته‌که‌یان وه‌ هیوای خواست که‌ کۆمه‌ڵێک بازرگان له‌شاری سلێمانیه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ژوری بازرگانی به‌شداری بکه‌ن.
سه‌رۆکی ژوری بازرگانی ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌ به‌شداری کردن له‌وپێشانگایه‌و ڕایگه‌یاند که‌ به‌شداری ده‌که‌ن و کۆمه‌ڵێک بازرگانی باش و به‌توانا ئاماده‌ ده‌که‌ن بۆ ئه‌و پێشانگایه‌.
دواتر باڵوێزی ئه‌نده‌نوسیا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی کۆبۆوه‌ به‌مه‌به‌ستی لێک نزیکبونه‌وه‌ی زیاتر و ئه‌نجامدانی دیدار له‌نێوان هه‌ردولادا تابتوانن په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانیه‌کان پته‌وتر بکه‌ن وە ئاماژەی بەوەدا دەیانەوێت کاری زیاتر و باشتر لە گەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی ئەنجام بدەن.