بیرە نەوتێكی كێڵگەی بای حەسەن لەسنوری پارێزگای كەركوك تەقێندرایەوە
فەرهاد حەمزە ئەندازیار لە كۆمپانیای نەوتی باكوور بە كەناڵی گەلی كوردستانی راگەیاند: كاتژمێر پێنج و 15 خولەكی بەرەبەیانی ئەمرۆ، لەڕێگەی دوو بۆمبی چێندراوەوە یەكێك لە بیرە نەوتیەكانی كێڵگەی نەوتی بای حەسەن كە بیری ژمارە (34)ە، لە نزیك ناحیەی سەرگەڕان تەقێنراوەتەوەو بەهۆیەوە بیرەكە گڕی گرتووەو تاوەكو ئێستاش ئاگرەكەی كۆنترۆڵ نەكراوە.
وتیشی: ئەو بیرە رۆژانە 3 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی هەبووەو باشترین بیری وێستگەی (داود گورگە) بووە.
كێڵگەی نەوتی بای حەسەن لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمدایەو دەكەوێتە رۆژئاوای كەركوكو لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە پارێزگاری لێدەكرێت، لەكۆتایی مانگی تەمموزیشدا تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردەسەر وێستگەیەكی غاز لە كێڵگەی نەوتی بای حەسەنو بوەهۆی راوەستانی هەناردەكردنی نەوت لەو كێڵگەیەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.