گۆڕانكاری له‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌راندا ده‌كرێت

لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند چاوه‌ڕوانن له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقه‌وه‌ پرۆژه‌ یاسایی نوێی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان پێبگات ئه‌ویش دوای زیادكردنی ده‌رماڵه‌ی چوار وه‌زاره‌ت.
ئه‌مین هادی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ (تۆڕی هه‌واڵی راگه‌یاندنی عیراق)ی وتوه‌ لیژنه‌كه‌یان چاوه‌ڕێی ره‌وانه‌كردنی پرۆژ یاسایه‌كی نوێی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقه‌وه‌ كه‌ تیایدا ده‌رماڵه‌ی مه‌ترسی بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی (به‌رگری، ناوخۆ، ته‌ندروستی، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن) زیادكرێت. 
به‌وته‌ی هادی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گۆڕانكاری له‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌تدا ده‌كات، هاوكات موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش له‌ڕووی پله‌ی وه‌زیفی و خێزان و منداڵه‌وه‌ رێكده‌خاته‌وه‌.