پەیوەندییە مێژووییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان بەستێنی گونجاو بۆ گەشەپێدانی بواری ئابوری

پارێزگاری کرماشان لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ شاندێکی سەرمایەدانەری هەرێمی کوردستان وتی: هەبوونی خاڵی هاوبەشی مێژوویی، فەرهەنگی و ئائینی لە گەڵ هەرێمی کوردستان بەستێنێکی گونجاوە بۆ پەرەپێدانی بواری ئابوری.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی لەم چاوپێکەوتنە کە لە دیوانی پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو، ئەسەدووڵا ڕازانی ڕایگەیاند: یەکەمایەتی بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای کرماشان دابین کردنی گەشەی ئابوری لە کرماشانە و لەم پێناوەشدا پێشوازی لە شاندە سەرمایەدانەرەکانی دەرەوە دەکەین.
ناوبراو وتی: کرماشان خاوەن پێگەیەکی تایبەتە لە ئاڵ و گۆڕە بازرگانییەکان و لە گەڵ هەر دوو بەشی کوردی و عەرەبی وڵاتی عێراق سنورێکی هاوبەشی هەیە و ئەمەش پەیوەندییەکی ئابوری و بازرگانی بەربڵاوی لە گەڵ ئەم دوو بەشە دابین کردووە.
پارێزگاری کرماشان لە درێژەدا بە ئاماژە بە خاڵە هاوبەشەکانی مێژوویی لە گەڵ هەرێمی کوردستان وتی: ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستان مێژوو، کلتور و ئائینێکی هاوبەشی هەیە و ئەمەش بەستێنێکی گونجاوە بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان.
بەڕێوەبەری باڵای پارێزگای کرماشان بە ئاماژە بەوەی کە دەرفەتی زۆری سەرمایەدانەری لەم پارێزگایەدا هەیە، ڕوونیکردەوە: سەبارەت بە ڕاکێشانی سەرمایەدانەری دەرەکی، ئەو پرۆژانەی کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاکەوە بڕیاری لە سەر دەدرێت لە ڕیزی یەکەمایەتی ئێمەدان.
ڕازانی پرۆژەی هوتێلی پێنج ئەستێرەی لە کرماشان بە گرنگ ناو برد و وتی: هوتێل پارسیان لە کەمتر لە شەش مانگدا لە سەدا 80ی دەفرایەتی وەرگرتنی تەواو بوو و لە ئەگەری درووست کردنی هوتێلی پێنج ئەستێرەی دیکە، بە زووترین کات دەگەنە قۆناغی قازانجی دارایی.
ناوبراو تەلەفریکی بە یەکێکی دیکە لە پرۆژەکانی سەرمایەدانەری ناو برد و وتی: پرۆژەی تەلەفریکی تاقوەسان بە گرنگیدان بە حەشیمەتی یەک ملیۆن کەسی شاری کرماشان بە سوود دەبێت و لە ماوەیەکی کورتدا دەتوانێت بەو قازانجە پێش بینی کراوەی بگات.
پارێزگاری کرماشان وتی: پارێزگا هەروەها خوازیاری ڕاکێشانی سەرمایەدانەرە لە پێناو بنیات نانی مۆڵەکان و لە ئێستادا مۆڵێکی گەورە لە بواری جێبەجێ کردندایە و پێویستی بە سەرمایەدانەریی زیاتر هەیە.
لەو چاوپێکەوتنەدا نوێنەری شاندی سەرمایەدانەری هەرێمی کوردستان هەواڵی ئەوەی ڕاگەیاند کە شاندەکەیان خوازیاری بەشدارییە لە پرۆژەکانی سەرمایەدانەری پارێزگای کرماشان و وتی: کرماشان یەکێک لە گەورەترین شارە کوردنشینەکانە کە خاڵی ڕاکێشەری زۆری لە بواری سەرمایەدانەریدا هەیە.
لە درێژەشدا داوای دابین کردنی بەستێنی سەرمایەدانەری شاندەکەی لە پارێزگای کرماشان کرد.