ژمارەی داواكارییەكانی وەرگرتنی مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا بۆ زیاتر لە 500 هەزار داواكاری بەرزبۆتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند: ژمارەی ئەو داواكارییانەی تا ئێستا نەبینراون لە كۆتایی مانگی تەمموزدا ژمارەكە بۆ 526 هەزار و 267 داواكاری زیادیكردووە.
نوسینگەی فیدڕاڵی كۆچ و پەنابەران لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ژمارەی كارمەندەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو زیادكردووە، تا بتوانن وەڵامی ئەو داواكارییە زۆرەی مافی پەنابەرێتی بدەنەوە كە تاوەكو ئێستا نەبینراون. دوای داخستنی رێگای وڵاتانی بەڵكان، گەیشتنی كۆچبەران بۆ ئەڵمانیا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، بەشێوەیەك لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو ناوی 200 هەزار كەس تۆماركراوە كە داوای مافی پەنابەرێتیان كردووە، بەڵام دوای داخستنی ئەو رێگایە مانگانە ژمارەكە نەگەیشتۆتە 16 هەزار كەس.