بە پێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم، قەرزی كشتوكاڵی تەنها بەڕێژەی (60%-80%) ی تێچوی پڕۆژەكە دەدرێت بە جوتیاران.
رزگار حەمەد خدر جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی بە PUKmedia ی راگەیاندوە: بەپێی رێنماییەكانی هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، كاتێك قەرزی كشتوكاڵی وەردەگرن بڕی (60%-80%) ی تێچوی پڕۆژەكە دەدرێت بە جوتیاران، ئەو قەرزەش هەمو جۆرە پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی دەگرێتەوە.
ئاشكراشیكرد كە ئەو كەسەی كە قەرزەكە وەردەگرێت دەبێت زەوی كشتوكاڵی و ئاوی پێویستی هەبێت، بەتایبەتی بۆ پڕۆژە ئاژەڵدارییەكانی وەك ماسی و پەلەوەر، ئاماژەی بەوەشدا كە چەند رێنماییەكی تایبەت بە چۆنیەتی خەرجكردنی قەرزەكە دەرچووە، بۆ هەر پڕۆژەیەكیش لەوانە تا (150) ملیۆن دینار دەدرێت.
راشیگەیاند: ئەو پڕۆژانەی قەرزی كشتوكاڵی دەیانگرێتەوە بریتین لەم پڕۆژانە (پەلەوەری، ئاژەڵداری، حەوزی بەخێوكردنی ماسی، ساردخانەی گەورە، باخداری، چاندنی گەنم و گەنمەشامی، خانوی پلاستیكی، بیرهەڵكەندن، دایكانەی بەرهەمهێنانی هلێلكەی خواردن وتروكاندن).