بەرتیل وەرگرتنەكەی مەرزی شۆشمێ‌ بێ‌ لیژنە ماوەتەوە

داواكاری گشتی پێنج مانگە چاوەڕوانی ئیمزایەكی پارێزگاری سلێمانیە بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك لەسەر فەرمانبەرێكی پۆستە‌و گەیاندن، كە تۆمەتبارە بە بەرتیل وەرگرتن لەمەرزی شۆشمێ‌، هەرچەندە هەمان بڕیار لەلایەن جێگری پارێزگارەوە دەركراوە.
رۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارە (828)یدا، راپۆتێكی لەسەر فەرمانبەرێكی پۆستە‌و گەیاندنی تەوێڵە بڵاوكردەوە، كە تۆمەتبارە بە وەرگرتنی پارە لە شۆفێری بارهەڵگرەكانی مەرزی شۆشمێ‌. ئەو فەرمانبەرەش لەلایەن بەڕێوەبەری ناحیەی بیارەوە دانراوە.
مەرزی شۆشمێ‌ دەروازەیەكی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی ئێرانە، هەرچەندە لە ئێستادا مەرزێكی بچوكە، بەڵام دوای تەواوبوونی هەندێك خزمەتگوزاری بۆی، وابڕیارە بكرێتە مەرزێكی نێودەوڵەتی. 
عومەر قەڵادزەیی، جێگری پارێزگاری سلێمانی، چەند ڕۆژێك دوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڕیارێكی دەركردووە بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە، بە ئەندامێتی لێپرسراوی بەشی یاسای بەرێوەبەرایەتی پۆستەو گەیاندنی سلێمانی‌و یاساییەك لە پارێزگای سلێمانی‌و لێپرسراوی تەكنیكی پارێزگا، كە دەكاتە سەرۆكی لیژنەكە، لەگەڵ ئەندامێكی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی.
ئامانج مستەفا، لێپرسراوی بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆستەو گەیاندنی سلێمانی بە هاوڵاتی وت “تائێستا لیژنەكە پێك نەهێنراوە، كێشەكە لەسەر ئەوە ماوەتەوەو ئاشكرا نییە كە ئەو دەسەڵاتە هاتووەتە خوارەوە بۆ پارێزگار یان نا”.
وتیشی “پارێزگار دەتوانێت ئەو لیژنەیە پێكبهێنێت، بەڵام بەمەرجێك وەزیری گواستەنەوەو گەیاندن، دەسەڵاتەكانی بۆ داببەزێنێتە خوارەوە”.
وتەكانی لێپرسراوی بەشی یاسایی لەبەڕێوەبەرایەتی پۆستەو گەیاندنی سلێمانی لەكاتێكدایە بەپێی یاسا ئینزیباتی فەرمانبەرانی دەوڵەت، “كاتێك لیژنەیەك لەسەر رووداوێك یان بابەتێك پێكدەهێنرێت، ئەگەر ئەو لیژنەیە لەنێوان دوو فەرمانگەی سەر بەدوو وەزارەت بوو، ئەوە پپَویستە هەردوو وەزیر دەسەڵاتەكانیان داببەزێننە خوارەوە بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان، تا لیژنەكە پێكبهێنن”.
پارێزگای سلێمانیش هەر دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەكە، بۆ ئەو مەبەستە نووسراوی بە واژۆی جێگری پارێزگار ئاراستەی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی كردووە، تا ئەندامیان لەو لیژنەیەدا ئامادە بێت، بەڵام فەرمانگەی داواكاری گشتی وەڵامی پارێزگای داوەتەوە، كە دەبێت بە واژۆی خودی پارێزگار نوسراو بكرێت بۆ پێكهێنانی لیژنەكە.
حاكم مەهدی، ئەندامی داواكاری گشتی لە لیژنەكە لەبارەی جێبەجێنەكردنی بڕیارەكەی جێگری پارێزگاری سلێمانیەوە ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك بدت، تەنها ئەوەندی وت كە “هەموو شتێكم بە پارێزەری فەرمانبەرەكە وتووە”.
كابینەی شەشەم بەسەرۆكایەتی بەرهەم ئەحمەد ساڵح، بڕیارێكی دەركردو تێیدا داوای كرد پێویستە وەزیرەكان هەندێك لە دەسەڵاتەكانی خۆیان بدەنە پارێزگارەكان.
ئاوات عومەر، راوێژكاری پارێزگاری سلێمانی جەخت دەكاتەوەلەوە كە بەپێی بڕیاری 541ی ئەنجومەنی وەزیران (ئیدارەی پێشووی سلێمانی) كە لەساڵی 2005دا دەرچووە، هەموو دەسەڵاتێكی تەحقیقی دراوەتە پارێزگار، ئەو بڕیارەش ئێستاش كاری پێدەكرێت.
راوێژكارەكەی پارێزگار ئاماژەی بەوەشكرد “پێكنەهێنانی لیژنەكە پەیوەندی بەو نوسراوەی  پارێزگاوە هەبووە، كە بە واژۆی جێگری پارێزگار ئاراستەی فەرمانگەی داواكاری گشتی كراوە، بۆ ئامادەبوونی ئەندامیان لە لیژنەكەدا، داواكاری گشتیش دەڵێ‌ پێویستە نوسراوەكە بە واژۆی پارێزگار بێت، چونكە بەپێی یاسا پارێزگار دەسەڵاتی دروستكردنی لیژنەی هەیە”.
لەئێستاشدا چارەنووسی دۆسیەی وەرگرتنی پارە لەشۆفێری بارهەڵگرەكانی مەرزی شۆشمێ‌، چاوەڕوانی ئیمزایەكی پارێزگاری سلێمانی دەكات، بۆ دەستبەكاربوونی لیژنەكە بۆ لێكۆڵینەوەی دۆسیەی فەرمانبەرەكەی پۆستە‌و گەیاندنی تەوێڵە.