سه‌رۆكی رێكخراوی ئۆپیك: نرخی نه‌وت له‌چاره‌كی كۆتایی ئه‌مساڵ گورانكاری به‌سه‌ردا دێت

سه‌رۆكی رێكخراوی ئۆپیك له‌كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌دۆحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر رایگه‌یاند: له‌چاره‌كی كۆتایی ئه‌مساڵدا نرخی نه‌وت به‌رزده‌بێته‌وه‌
محه‌مه‌د بن ساڵح ئه‌لساده‌ سه‌رۆكی رێكخراوی وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت (ئۆپیك)، گوتی: نزمبونه‌وه‌ی ئه‌مدواییه‌ی نرخه‌كانی نه‌وتی جیهانی به‌كاتی‌ ده‌زانێت‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، بازاڕی نه‌وت به‌ره‌و هاوسه‌نگ بوون ده‌ڕوات‌و له‌چاره‌كی كۆتایی ئه‌مساڵدا نرخه‌كه‌ی‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌.
به‌ پیێ ئاژانسی هه‌والی رۆیته‌رز، محه‌مه‌د بن ساڵح ئه‌لساده‌، كه‌ هاوكات وه‌زیری وزه‌ی قه‌ته‌ره‌‌و ئه‌مساڵ سه‌رۆكی ئۆپیك ده‌كات، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌لێدوانێكدا ئاشكراكرد، دابه‌زینی ئه‌م دواییه‌ی نرخی نه‌وت‌و ئه‌و ناجێگرییه‌ی ئێستای بازاڕ، ته‌نیا كاتییه‌ و چاوه‌روانده‌كرێت تا چاره‌كی كوتایی ئه‌م ساڵ نرخی نه‌وت باشتر ده‌بێت و به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه‌ ده‌جێت.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “ئۆپیك له‌نزیكه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ چاودێریكردنی گۆڕانكارییه‌كان و له‌ دانوستانی به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌ندامه‌كانیدا، سه‌باره‌ت به‌ شێواز و ئامرازه‌ یاریده‌ده‌ره‌كان بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ بازاڕی نه‌وت.
سه‌رۆكی‌ ئۆپیك پێشبینیكرد: خواستی به‌رزتر له‌سه‌ر نه‌وتی خاو له‌چاره‌كی سێیه‌م‌و چواره‌می ئه‌مساڵدا هاوشان له‌گه‌ڵ كه‌مبونه‌وه‌ی نه‌وتی عه‌مباركراو، شرۆڤه‌كارانی هانداوه‌ بگه‌نه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ئه‌م دابه‌زینه‌ی ئێستای بازاڕ ته‌نها كاتییه‌‌و نرخه‌كانی نه‌وت له‌چاره‌كی كۆتایی ئه‌مساڵدا به‌رزده‌بێته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌هۆی چه‌ند ڕاپۆرته‌ هه‌واڵێكه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی وتوێژه‌كانی ئه‌ندامانی ئۆپیكه‌وه‌ بۆ سنورداركردن و ڕاوه‌ستاندنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو، نرخه‌كانی نه‌وتی خاو به‌رزبونه‌وه‌ی تۆماركرد.
نرخی نه‌وتی خاوی برنت نیودۆلار به‌رزبۆوه‌‌و به‌رمیلێك به‌ (44.77) دۆلار فروشرا.
هه‌روه‌ها نرخی نه‌وتی خاوی رۆژئاوای ته‌كساس، به‌بڕی 55 سه‌نت یان رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 1.32 به‌رزبۆوه‌، به‌رمیلێك به‌ 42.35 دۆلار فرۆشرا.
به‌رزبونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وت، دوای داواكاری نوێی چه‌ند وڵاتێكی ئه‌ندامی ئۆپیك هات بۆ ڕاوه‌ستاندنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، له‌هه‌وڵێكدا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی به‌رهه‌مهێنان و خستنه‌ڕووی زیاده‌‌و كه‌ڵه‌كه‌بوونی نه‌وتی خاو له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا، ئه‌و داواكارییانه‌ش ده‌ستبه‌جێ له‌لایه‌ن ڕوسیای گه‌وره‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وتی خاو له‌ده‌ره‌وه‌ی رێكخراوی ئۆپیكه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌.
سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ ئۆپیك له‌لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌، وابڕیاره‌ له‌رۆژانی 26-28ی مانگی (ئه‌یلول/9)ی ئه‌مساڵدا، له‌په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی ووزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ وڵاتی جه‌زائیر كۆبونه‌وه‌یه‌كی نافه‌رمی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی‌ ئۆپیك ئه‌نجامبدرێت.