پرۆژەی بەنداوی ئاوەسپی لە ئیدارەی گەرمیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی کارەکانی گەیشتۆتە قۆناغی کۆتاییو بڕیارە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ کارەکانی بە یەکجاری تەواو بێتو بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ ئاو کۆبکاتەوە.
ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە ڕایدەگەیەنێت، دواکەوتنی کارەکانی بەنداوی ئاوەسپی چەند هۆکارێکی هەبووە بەڵام بە هەوڵی بەرێوبەرایەتی بەنداوەکانو ئیدارەی گەرمیان کارەکانی لە ئێستادا بەشێوەیەکی زۆر باش بەرێوە دەچێت.
ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە دەڵێت: بەهۆی کێشە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە و کارەساتی سروشتی برۆژەی دروستکردنی بەنداوەکە بۆ جەند جارێک وەستێنراوە، بەڵام دووبارە دەست بە کارکردن کراوەتەوە ئێستا کارکردن لە بەنداوەکە بەردەوامە و لەسەدا ٨٠% پرۆژەکەش تەواو بووە، وتیشی بەنداوێکە لەڕووی هەندەسیەوە بەنداوێکی باشە توانای گلدانەوەی ٢٢ ملیۆن مەتر ئاوی ئەبێت خەڵکی ناوچەکە ئەتوانن سودی لێوەربگرن لەڕووی گەشتوگوزار و لەڕووی کشتوکاڵ و سامانی ماسیەوە.
بۆ ئاگاداربوون لەچۆنیەتی بەڕێوەچونی کارەکانی پرۆژەکە وەفدێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکانی هەرێم و بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان سەردانی پرۆژەی دروست کردنی بەنداوی ئاوەسپیان کرد.
ئەندامێکی وەفدەکە ڕایگەیاند: بەنداوەکە لەسەر چەمی ئاوەسپیە کە پێنجەم ڕووبارە لە هەرێمی کوردستانو یەکێکێشە لەسەرچاوە سەرەکیەکانی ناوچەی گەرمیان کەپرۆژەی بەنداوەکەی لێ دروست دەکرێت، هیوادارین لە ناوەڕاستی مانگی ١٠ دا پرۆژەی دروستکردنی بەنداوەکە تەواوبێت تابتوانین کاری لەسەر بکەین و ئاوی تێدا گلبدەینەوە.
هاوڵاتیان ئەم پرۆژەیە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بەتایبەت لەڕووی گەشتیاریو سامانی ماسیو کشتوکاڵیو ئابوریەوە.
هاوڵاتیەکیش دەڵێت: دروستکردنی ئەم بەنداوە هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر ڕوو لە ناوچەکە بکەن، لەئێستاشدا خەڵک بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەگەڕێنەوە بۆ لادێکانو سەرقاڵ دەبن بە کشتوکاڵەوە.
بەنداوی ئاوەسپی دەکەوێتە قوڵای گەرمیانو تەتوانێت ٢٢ ملیۆن مەتر ئاو کۆبکاتەوە دوای بەنداوی دەربەندیخان لەسنوری گەرمیان بەگەورەتین بەنداو دادەنرێت.
بەنداوی ئاوە سپی ماوەی چەند ساڵێکە دەست بە دروستکردنی کراوە بەڵام تا ئێستا کارەکانی تەواو نەبووە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ١٠ تەواو بێت، ئامانجی پرۆژەکە خزمەتکرنی ناوچەکەیە بەڵام تائێستا هاوڵاتیانی گەرمیان دڵنیانین ئاخۆ ئەمجارە پرۆژەکە تەواودەبێت ئەگەرچی لەسەدا ٨٥% کارەکانی تەواو بووە.