پۆلیسی ھاتوچۆی ھەرێم ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کەباس لەزیادبوونی سزای سەرپێچی ھاتوچۆ دەکەن.
لەئێستادا دەنگۆی ئەوە بڵاو بوەتەوە کە سزای سەرپێچی کامێراکانی خێرایی کە پێشتر ٨٠ ھەزار دینار بوو، ئێستا بوەتە ١٠٠ ھەزار دینار، ئەوەی پێشتر ١٠٠ ھەزار دینار بوو، ئێستاکە بوەتە ١٢٥ ھەزار دینار، ئەوەی کە پێشتر ١٥٠ ھەزار دینار بوو، بوەتە ١٨٠ ھەزار.
لەبەرامبەردا نەقیب فازیل حاجی وتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەرێم، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:” سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە باس لە زیادکردنی سزای سەرپێچییەکانی ھاتوچۆ دەکەن”.
وتیشی: ھیچ بڕیارێک بۆ زیادکردنی رسومات و سەرپێچی ھاتوچۆ نییە، جیاواز لەوەی کە مانگی ئاداری ئەمساڵ بڕیاریی لەسەردرابوو.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێستا ناڕەزایی لەسەر زۆربوونی رسوماتی ھاتوچۆ ھەیە، بەتایبەت دوای جێبەجێ کردنی سیستەمی پاشەکەوتی موچە و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە.