له‌چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق و كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران، له‌سلێمانی و كه‌لارو كفری و چوارقوڕنه پێنج ناوه‌ندی تۆماركردنی ده‌نگده‌ران بۆ ئه‌و عیراقیانه كراوه‌ته‌وه كه له‌ترسی تیرۆر روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كردوه.
هاوڕێ تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق به PUKmedia ی راگه‌یاندوە: بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق و نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران، له‌سنووری پارێزگای سلێمانی پێنج بنكه‌ی تۆماركردنی ده‌نگده‌ران كراوه‌ته‌وه.
راشیگه‌یاند: 60 هه‌زار هاووڵاتی راگوێزراو له‌كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و ئاشووری له‌پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراقه‌وه به‌هۆی توندوتیژی و هه‌ره‌شه‌ی تیرۆرستانه‌وه روویان له‌پارێزگای سلێمانی كردوه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه راگوێزراون، بۆیه له‌چوار چێه‌وه‌ی ئه‌و ئاماده‌كاریانه‌دا كه بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌و هاووڵاتیانه ده‌توانن سه‌ردانی بنكه‌كانی تۆماری ده‌نگده‌ران بكه‌ن.
وتیشی: له‌سنووری پارێزگای سلێمانی پێنج بنكه‌ی تۆماركردنی ده‌نگده‌ران كراوه‌ته‌وه و ئه‌و هاووڵاتیانه ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌و بنكانه بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌كانیان بدۆزنه‌وه، بنكه‌كانیش كه‌لار، كفری، چوارقوڕنه‌و سه‌ید سادق له‌خۆ ده‌گرێت.