بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی زانیاری لەبارەی ٤ ملیار دینارەکەی حکومەتەوە ئاشکرادەکات

چەند مانگێک پێش ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم دا مانگانە ٤ ملیار دینار بۆ سێکتەری تەندروستی تەرخانبکات، بەڵام پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢ مانگ، هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتەوە تەرخان نەکراوە.
دکتۆر میران حەمە ئەمین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی براگەیاند،: هەتا ئێستا یەک جار ئەو پارەیە بۆ سێکتەری تەندروستی تەرخان کراوە و بڕی ١ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دیناری بەر سلێمانی کەوت، بەڵام لە دوای ئەوەوە هیچ پارەیەک تەرخان نەکراوە.
ووتیشی ” وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حکومەت و وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی ئەو پارەیە تەرخان بکرێت، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێک وەرنەگیراوە، ئەمەش بەجۆرێکە کە وەزیری تەندروستی داوا دەکات کە یان ئەو ٤ ملیار دینارە خەرج بکرێت، یاخود پارەی ئێشکگری بدرێت بە پزیشکان و کارمەندان”.
پێشوتر ٤ ملیار دینار لەلایەن حکومەتەوە درایە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم و ئەوانیش بەسەر چەند پزیشک و کارمەند و چەند فەرمانبەرێک دابەشیانکرد، بەڵام ئەم پارەیە پزیشکانی ددان و دەرمانساز و بەشێکی زۆری پزیشکانی گشتی نەگرتەوە.
لەبارەی دەوامکردنی پزیشکان و فەرمانبەرانەوە، دکتۆر میران ئاماژەی بەوەکرد کە ئێستا دەوامکردن وەک جاران نەماوە و کەم بووەتەوە هەروەها وەک جاران نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکاندا ئەنجام نادرێت، ئێمەش دەمانەوێت بە سیستمێک دەوامکردن وەک پێشوو ئاسایی بکەینەوە و بیگێڕینەوە دۆخی پێشووی خۆی.