كاره‌با ده‌بێت به‌ 24 سه‌عات و گرانتر ده‌بێت

 
كه‌رتى كاره‌با، یه‌كێك له‌و كه‌رته‌ خزمه‌تگوزارییانه‌یه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان راده‌ستى كه‌رتى تایبه‌تى ده‌كات، به‌رپرسانى كاره‌با راى ده‌گه‌یه‌نن له‌ مانگى داهاتوودا پلانى راده‌ستكردنه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ماوه‌ى پێدانى كاره‌با بۆ 24 سه‌عات درێژ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام نرخى كاره‌با گرانتر ده‌بێت.
حه‌مه‌ئه‌مین هه‌ورامى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ “وشه‌”ى ڕاگه‌یاند، حكوومه‌ت بڕیارى داوه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ گشتى له‌ كوردستان راده‌ستى كه‌رتى تایبه‌ت بكات و له‌و نێوه‌نده‌شدا كاره‌با ده‌درێته‌ كه‌رتى تایبه‌ت.
گواستنه‌وه‌ى كه‌رتى كاره‌با له‌ ژێر ركێفى حكوومه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌رتى تایبه‌ت، پاش شكستى كه‌رتى گشتى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ باشكردنى كه‌رتى كاره‌با، له‌كاتێكدا پاش 25 ساڵ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى كه‌رته‌كه‌، نه‌یتوانى 24 سه‌عات كاره‌با دابین بكات. جگه‌له‌وه‌ى چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌هۆى راده‌ستكردنى كاره‌با به‌ كه‌رتى تایبه‌ت، ماوه‌ى پێدانى كاره‌با درێژ ببێته‌وه‌، به‌ڵام به‌تایبه‌تكردنى كه‌رته‌ گشتییه‌كان له‌ كوردستاندا، لێكه‌وتى نه‌رێنى دروست ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ شاره‌زایانى بواره‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن.
به‌وته‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى كاره‌با، “له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی كاره‌با به‌ كه‌رتى تایبه‌ت، پێدانى كاره‌با زۆرباش ده‌بێت و كه‌س ناتوانێ كاره‌با بدزێت و زیاده‌ڕۆیی نامێنێت، پاره‌ش مانگانه‌ كۆ ده‌كرێته‌وه‌”. له‌باره‌ى گرانبوونی نرخه‌كه‌ی ده‌ڵێ، “بۆ هاووڵاتییان نرخ وه‌ك خۆى ده‌بێت، به‌ڵام بۆ شوێنه‌كانی بارزگانی وه‌ك كارگه‌ و ماركێته‌كان گرانتر ده‌بێت”.
وه‌زاره‌تى كاره‌باى كوردستان 15 هه‌زار فه‌رمانبه‌رى هه‌یه‌، كارمه‌ندانى به‌شى دابه‌شكردنى كاره‌با نزیكه‌ى نیوه‌ى هه‌موو فه‌رمانبه‌رانى وه‌زاره‌ته‌كه‌ پێك دێنن، ئه‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌یه‌ كه‌ راده‌ستى كه‌رتى تایبه‌ت ده‌كرێت و به‌و هۆیه‌وه‌ كارمه‌نده‌كانیش له‌ كه‌رتى گشتییه‌وه‌ بۆ كه‌رتى تایبه‌ت ده‌گوازرێنه‌وه‌.
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاره‌با روونى ده‌كاته‌وه‌، “كارمه‌ندانى كاره‌با له‌ناو وه‌زاره‌ت، پارێزگه‌، شاره‌دێ و شاره‌دێیه‌كان كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌رتى تایبه‌ت ده‌گونجێن، بۆ سه‌ر كه‌رتى تایبه‌ت ده‌گوازرێنه‌وه‌، ئه‌وانى تر وه‌ك فه‌رمانبه‌رى حكوومه‌ت ده‌مێننه‌وه‌ یان راژه‌كه‌یان بۆ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌یه‌كى تر ده‌گوازرێته‌وه‌”.
لاى خۆیه‌وه‌ غالب محه‌مه‌د، سه‌رۆكى لێژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگه‌ى سلێمانى بۆ وتى، “له‌ حاڵه‌تى راده‌ستكردنى كاره‌با به‌ كه‌رتى تایبه‌ت، ماوه‌ى پێدانى كاره‌با ده‌بێت به‌ 24 سه‌عات و ئه‌گه‌ر هاووڵاتییان كاره‌باى به‌رده‌وامیان هه‌بێت، به‌ نرخى گرانتریش پێیان بدرێت به‌ ئاسایى ده‌بینن”. 
محه‌مه‌د كه‌ هاوكات ئه‌ندامى فراكسیۆنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگه‌ى سلێمانى، زیاتر ده‌ڵێ، “ئێسته‌ هه‌ر ماڵێك له‌ نێوان 15 بۆ 40 هه‌زار دینار پاره‌ى كاره‌باى بۆ دێته‌وه‌، مانگانه‌ش 20 هه‌زار پاره‌ بۆ كاره‌باى مۆلیده‌ ده‌دات، كه‌چی 24 سه‌عات كاره‌باى نییه‌”.
كاره‌بای كوردستان پشت به‌ سێ وێستگه‌ی گاز و دوو به‌نداوی كارۆئاوی دووكان و ده‌ربه‌ندیخان به‌ستووه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ نه‌توانراوه‌ كاره‌بای زیاده‌ڕۆیی له‌ ئاستى هاووڵاتییانى ئاسایى، به‌رپرسان، كارگه‌ و ناوه‌نده‌ بارزگانییه‌كانى تر كۆنتڕۆڵ بكرێت، جگه‌له‌وه‌ى حكوومه‌ت له‌ كۆكردنه‌وه‌ى پاره‌ى هاوبه‌شانى كاره‌باش سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.
هێشتا روون نییه‌ ئایا له‌ به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنى كاره‌با به‌ كه‌رتى تایبه‌ت، حكوومه‌ت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گازه‌دا ده‌كات كه‌ له‌ كێڵگه‌كانى گازه‌وه‌ بۆ وێستگه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با ده‌گوازرێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆكى لێژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگه‌ى سلێمانى ده‌ڵێ، “ده‌بێت حكوومه‌ت گازه‌كه‌ به‌ كۆمپانیاكان بفرۆشێته‌وه‌”.
له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌موو پرۆسه‌كانى پێوه‌ست به‌ كه‌رتى كاره‌باى كوردستان، له‌ ژێر چنگى حكوومه‌تدا نییه‌، به‌ڵكو له‌ ساڵانى رابردووه‌وه‌ پرۆسه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با به‌ كه‌رتى تایبه‌ت دراوه‌ و ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ست حكوومه‌ت ماوه‌ته‌وه‌ و ئێسته‌ بڕیاره‌ به‌ كه‌رتى تایبه‌ت بدرێت، پرۆسه‌كانى گواستنه‌وه‌، دابه‌شكردن، و فرۆشتنى وزه‌ى كاره‌بایه‌.
سالار حیسامه‌دین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كاره‌باى سلێمانى  روون كرده‌وه‌، “له‌ وڵاتانى جیهاندا ئه‌و سێ پرۆسه‌یه‌ش له‌ ده‌ست كه‌رتى تایبه‌ته‌، حكوومه‌تى كوردستانیش به‌نیازه‌ هه‌مان شت بكات”.
به‌وته‌ى حیسامه‌دین له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2016ه‌وه‌ حكوومه‌ت بڕیارى داوه‌ كاره‌با راده‌ستى كه‌رتى تایبه‌ت بكات و تا مانگى داهاتوو پڕۆژه‌یه‌ك بۆ گواستنه‌وه‌ى كاره‌با له‌ كه‌رتى گشتییه‌وه‌ بۆ كه‌رتى تایبه‌ت ئاماده‌ ده‌كرێت.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى كاره‌با پێى وابوو، “پێ ده‌چێت كه‌رتى تایبه‌ت پێویستى به‌و هه‌موو كارمه‌نده‌ نه‌بێت، له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌وانه‌ى ئیشكه‌رن له‌ وێستگه‌كان وه‌رده‌گیرێن كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆرن، ئه‌وانه‌ش وه‌رناگیرێن وه‌زاره‌تى كاره‌با وه‌ریان ده‌گرێته‌وه‌”.
دووپاتی كرده‌وه‌ “ئه‌و كاره‌بایه‌ى ئێسته‌ هه‌یه‌ به‌شى 24 سه‌عات ده‌كات بۆ هه‌موو كوردستان، به‌ڵام حكوومه‌ت زۆر بێ پلان و به‌رنامه‌یه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ كاره‌باى به‌رده‌وام هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌رتى تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ى ببات، زۆرباش ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌مێك گۆڕانكارى له‌ پێدانى پاره‌ى كاره‌با ده‌كرێت”.
تا ئێسته‌ زۆربه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان جگه‌ له‌ چه‌ند لایه‌نێكى چه‌پ، ناكۆكییان له‌گه‌ڵ به‌تایبه‌تكردنى كه‌رته‌ گشتییه‌كان نییه‌، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات حكوومه‌ت ئاسانتر بتوانێ پڕۆژه‌كه‌ى كرده‌نى بكاته‌وه‌.
فایه‌ق مسته‌فا ئه‌ندامى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى گۆڕان به‌ پێى وایه‌، ” له‌ هه‌موو جیهان ئاساییه‌ كه‌رتى تایبه‌ت كه‌رته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ڕێوه‌ ببات، به‌ڵام ده‌بێت شه‌فافیه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیى هاووڵاتییان له‌و پرۆسه‌یه‌دا ره‌چاو بكرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ حكوومه‌ت له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوو نابێت”.