فاروقی مەلا مستەفا زانکۆیەکی پزیشکی دروست دەکات

سەرمایەداری کوردستان فاروقی مەلا مستەفا ئاشکرای کرد کە پرۆژەیەکی ئاراستەی حکومەت کردوە بۆ دروستکردن‌و بنیاتنانی زانکۆیەکی پزیشکیی لەسلێمانی.
ئەمڕۆ 4ی ئابی 2016 لەمەراسیمی کردنەوەی کارگەی گاسندا لە سلێمانی، فاروقی مەلا مستەفا، سەرمایەدارو دامەزرێنەر و خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی فاروق رایگەیاند “لەئێستادا پڕۆژەیەکم ئاڕاستەی حکومەت و وەزیری خوێندنی باڵا کردوە بۆ دروستکردن و بنیادنانی زانکۆیەکی پزیشکی لە سلێمانی”.
ئەو سەرمایەدارە ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە سەرەتا زانکۆکە پێکدێت لە کۆلێژی پزیشکی گشتی و پاشان کۆلێژی پەرستاری کە “لە ئێستادا بۆشاییەکی گەورەمان لەو بوارەدا هەیە”.
فاروقی مەلا مستەفا کە پێشتریش شاری پزیشکی فاروقی لەسلێمانی دروستکردبو، ئاماژەی بەوەدا کە زانکۆکە دەبەستنەوە بە سیستمێکی ئەوروپی یان ئەمریکییەوە و دوو چین دەتوانن تیایدا بخوێنن، “ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت و خوازیارن لەو کۆلێژانە بخوێنن، هەروەها ئەو کەسانەش کە منداڵی هەژارن و دەخوازن لە کۆلێژێکی وا بخوێنن و پارەیان نییە لە دەرەوەی وڵات بخوێنن دەتوانن لەم زانکۆ پزیشکییە سودمەند بن”.