لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە 343 ملیۆن مۆبایلی زیرەك لەسەرانسەری جیهاندا فرۆشراونو فرۆشی مۆبایلەكانی سامسۆنگیش بەرزترین ئاستی تۆماركردوە.
كۆمپانیای (ئای دی سی) بۆ توێژینەوەكانی بازاڕ لەڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردوە: لە چارەكی دووەمی ساڵی 2016دا ئاستی فرۆشی مۆبیلەكانی كۆمپانیای سامسۆنگ لەسەدا پێنج پۆینت پێنج زیادیكردوەو لەو ماوەیەدا 77 ملیۆن مۆبایلی زیرەكی فرۆشتووە، بەو هۆیەشەوە لەپلەی یەكەمی ریزبەندی ئەو كۆمپانیایانەدا هاتووە كە زۆرترین مۆبایلیان فرۆشتووە، جگە لەوەش توانیویەتی پشكی خۆی لە بازاڕەكانی مۆبایلدا بۆ لەسەدا 22 پۆینت 4 بەرز بكاتەوە.
ڕاپۆرتەكە روونیكردۆتەوە: كۆمپانیای ئەپڵی ئەمریكی لەپلەی دووەمدا هاتووەو لەو ماوەیەدا 40 ملیۆنو 400 هەزار ئایفۆنی فرۆشتووە، دوای ئەویش كۆمپانیای هواوی بە فرۆشتنی 32 ملیۆن و 100 هەزار مۆبایل لە پلەی سێیەمدا هاتووە.