سلێمانی: دیدارێكی هاوبەشی گەشتوگوزاری سلێمانی‌و كۆمپانیا گەشتیاریەكانی ناوەراست‌و باشووری عیراق بەڕێوەچوو

 
حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی لەم دیدارەدا بڕیاریدا دەرگا ئاوەڵا بکات بۆ گەشتیارانی ناوەڕاست‌و باشووری عێراق‌و بەڵێنی هەموو کارئاسانیەکی بەتایبەتی لەبازگەکاندا دوپات کردەوە.
ئەم دیدارە هاوبەشەی نێوان کۆمپانیا گەشتیاریەکانی هەرێم‌و عێراق کە لەشاری سلێمانی بەرێوەچوو مەبەست لێی دووبارە بەگەرخستنەوەی کەرتی گەشتوگوزار بوو لەسنوری پارێزگای سلێمانی.
به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سلێمانی‌ ڕایگەیاند: پێویستە ئێمە ئەم جۆرە دیدارانە لەنێوان کۆمپانیاکانی گەشتوگوزاری خۆمان‌و کۆمپانیا بیانیەکان چ لە خوارو ناوەڕاستی عێراق بێت چ وڵاتانی تر بێت سازبکەین بەمەبەستی چالاک کردنی کەرتی گەشتوگوزار، ڕاشیگەیاند: دیداری داهاتوومان تایبەت دەبێت بە کۆمپانیا گەشتیاریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەعوەتیان دەکەین بۆ شاری سلێمانی، بەمەبەستی ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیاریەکانی سلێمانیدا بکەن، گروپی گەشتیاری بهێنن، وە ئەو گروپە گەشتیاریانەی کە دێنە سلێمانی پێشتر ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ وەربگیرێت بەتایبەتی ئاسایش.
بەوتەی رێکخەرانی دیدارەکە: ژمارەی کۆمپانیا بەشداربوەکانی  ناوەڕاست‌و باشووری عێراق (٢٥) کۆمپانیایە بووە، هەموو کۆمپانیا ناوخۆیەکانیش لەم دیدارەدا ئامادەبوون، ئاماژەیان  بەوەش کرد پەیوەندی هەیە لەبەینی کۆمپانیا عێراقیەکان و کۆمپانیا خۆماڵیەکان و شوێنە گەشتیاریەکان ئوتێل و ڕێستۆرانتەکان کە داشکاندنی تایبەت بەرێژەی ٢٠% بۆ ٣٠% بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە بە گروپ دێن  بەمەبەستی ڕاکێشانی زۆرترین گەشتیار بۆ شاری سلێمانی.
قسەی کۆمپانیا گەشتیاریەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەم دیدارەدا ئەوە بوو کە لەڕێگەی گروپەوە گەشتیاران دەهێننە سنوری پارێزگای سلێمانی، چونکە ئەوان دڵنیان لە ئاسایش و ئارامی ئەم شارە و ژینگەو سروشتی شارەکەش بە لەبار دەزانن بۆ ئەنجامدانی گەشت‌و سەیرانەکانیان.
خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیاریەکانی شاری بەغدادش دەڵێت: گەشتیاری پرسێکی عێراقی و جیهانیە گەشتیاری هۆکارێکە بۆ بەیەکەوە گرێدانی گەلانی جیهان لە دێر زەمانیشەوە سلێمانی‌و هەوڵێر و دهۆک  بەشوێنی گەشتیاری ناسراون‌و لەهەموو جیهانەوە گەشتیار ڕویان تێکردوە بەتایبەتی لە وڵاتانی کەنداوەوە، وتیشی سلێمانی یەکێکە لە شوێنە گەشتیاریە گرنگ و پێشکەوتووەکان بەهۆی ئاسایش‌و سەقامگیری‌و ئەو ئاسانکاریانەی بۆ کۆمپانیا گەشتیاریەکان دەکرێت گەشتیارێکی زۆر ڕوودەکەنە شاری سلێمانی کاتەکانی خۆیانی تێدا بەسەردەبەن.
خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتیاری شاری سلێمانیش دەڵێت: زیاتر لە چل (٤٠) ئەقدمان هەیە لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیاریەکانی باشوورو ناوەڕاستی عێراق‌و بە بەردەوامیش نەفەر و گروپی گەشتیاریمان لێوەرگرتوون بۆ سلێمانی.
حکومەتی هەریم گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە گەشتیارانی ناوەراست‌و باشوری عێراق گیرفانیان گەرم‌و گوڕترە لەچاو هاوڵاتیانی ناوخۆ لەڕووی داراییەوە هەر لەبەر ئەمەشە هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەدا ببەن هاوشێوەی بۆنەکان زۆرترین میوان بانگێشتی پارێزگاکانی باشووری کوردستان بکەن‌و کارئاسانیان بۆ ئەنجام بدەن.
لەماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوودا کە هاوکات بوو لەگەڵ جەنگی داعش‌و قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان لەکۆی ٢٠٠٠ دوو هەزار شوێنی گەشتیاری زیاتر لە ١٠٠ شوێنیان بەهۆی نەبوونی گەشتیارەوە داخران دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمیش لەڕێگەی ئەم جۆرە دیدارانەوە دەیەوێت جاریکی تر گەشتیار ئاشنا بکاتەوە بەشارەکانی هەرێمی کوردستان.