بەرپرسێكی ئوردن ڕەخنە لە بڕیارێكی وەزارەتی بازرگانی عیراق دەگرێت بۆ رێگریكردن لە هاوردەكردنی بەشێك لە كاڵاكانیانو دەڵێت: هەوڵێكە بۆ لەكەداركردنی ناوبانگی پیشەسازی ئوردنو كردنەوەی بازاڕی عیراق بۆ هەندێك وڵاتی تر.
وەزارەتی بازرگانی عیراق لە كۆتایی مانگی تەمموزدا بەلیستێك هاوردەكردنی هەندێك كاڵای خۆراكی لە ئوردنەوە قەدەغە كرد، كە ئەمەش نیگەرانی بەرپرسانی ئوردنی بەدوای خۆیدا هێناو دەڵێن: كاڵاكانمان بە كواڵیتیەكی بەرز بەرهەم دەهێنین.
لەو بارەیەشەوە خەلیل حاجی تۆفیق سەرۆكی یەكێتی بازرگانی ماددە خۆراكیەكانی ئوردن رایگەیاندوە: بڕیاری قەدەغەكردنی هەندێك لە بەرهەمە خۆراكیەكانی ئوردن لەلایەن عیراقەوە، هەوڵێكە بۆ لەكەداركردنی ناوبانگی پیشەسازی ئوردن، چونكە ئێمە كاڵاكانمان بە كواڵیتیەكی بەرز بەرهەم دەهێنینو ڕەنگە وەزارەتی بازرگانی عیراق مەبەستی بێت، بازاڕی وڵاتەكەی بۆ هەندێك لە وڵاتانی تر بخاتەسەر پشت.
سەرۆكی یەكێتی بازرگانی ماددە خۆراكیەكانی ئوردن راشیگەیاند: بەهۆی هێرشی تیرۆریستانی داعشەوە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عیراقو ئوردن بەڕێژەی لەسەدا 30 دابەزیووە، دەركردنی ئەو بڕیارەش لەلایەن عیراقەوە، هێندەی تر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان كەمدەكاتەوە.