گەنەڵ ئینێرجی: تا كۆتایی ئەمساڵ كاركردن لە دوو كێڵگەی غاز لە هەرێمی كوردستان تەواو دەبن

كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی ئاشكرای دەكات: تا كۆتایی ئەمساڵ كاركردن لە هەردوو كێڵگەی غازی میران‌و بنەباوێ‌ لە هەرێمی كوردستان تەواو دەبن‌و  بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەو دوو كێڵگەیە دەستپێدەكات.
بەگوێرەی راپۆرتێكی كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، كە تایبەتە بەنیوەی یەكەمی ساڵی 2016، لە ئێستادا كاركردن لە كێڵگەی میران بەرێژەی لەسەدا 75‌و لە كێڵگەی بنەباوێ بەڕێژەی لەسەدا 80 تەواوبووە‌و پێشبینی دەكرێت تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ كاركردن لەو دوو كێڵگەیەی سنوری پارێزگای سلێمانی تەواوبكرێن.
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە: بەم دواییانە گەنەڵ ئینێرجی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رەشنوسی خاڵەكانی رێككەوتنەكانی بەدەست گەیشتووە، كە ئەمەش هەنگاوێكی باشە بەرەو رێككەوتنی كۆتایی رێككەوتننامەكە، هەروەها كۆمپانیاكە خوازیارە هاوبەشێكی توركی بدۆزێتەوە بۆ قۆناغەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكە.