سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا هۆشداری داوه له گه‌شه‌ی ئابووری چین ده‌دات و له یه‌كه‌مین لێدوانی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی به‌ریتانیا سه‌باره‌ت به ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری چین، داوای له ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات، توێژینه‌وه‌ی ورد بكه‌ن ده‌رباره‌ی كۆمپانیا چینییه‌كان، تاكوو كاری ئه‌و كۆمپانیایانه قه‌دەخه بكرێت كه ده‌بنه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌ریتانیا.
دوای تێپه‌ربوونی زیاتر له مانگێك به‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا و ده‌ستبه‌كار بوونی تیریزا مه‌ی، وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانێكی نوێ بۆ ئه‌و ولاته، له‌یه‌كه‌م لێدوانی‌دا سه‌باره‌ت به ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری چینی و بری به‌رهه‌می كۆمپانیا چینیه‌كان له بازاره‌كانی ئه‌وروپاو به‌ریتانیادا، هۆشداری داوه بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی وورد ده‌رباره‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه.
تیریزا مه‌ی بۆ رۆژنامه‌ی ده‌یلی ته‌لگرافی ولاته‌كه‌ی رایگه‌یاندووه، پێویسته ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی به‌ریتانیا توێژینه‌وه‌ی وورد ده‌رباره‌ی كۆمپانیا چینیه‌كان بكات، تا هاوشێوه‌ی یاساكانی ئه‌مه‌ریكا په‌یره‌و بكرێت و هه‌ر كۆمپانیایه‌كی چینی ببێته هه‌ره‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی ئابووری به‌ریتانیا كاره‌كانی و به‌رهه‌مه‌كانی قه‌ده‌غه بكرێت.
پێشتریش ئه‌مه‌ریكا یاسایه‌كی له‌و جۆره‌ی به‌سه‌ر به‌شێك له كۆمپانیا چینیه‌كاندا سه‌پاندو تا ئێستاش ئه‌و دۆسیه‌یه له رێكخراوی بازرگانی جیهانی یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می كۆمپانیا چینیه‌كان به‌شێكی زۆری بازاره‌كانی ئه‌وروپای داگیركردووه، به‌تایبه‌ت به‌رهه‌می ئاسن‌و پۆڵای چینی كه بووه‌ته زیان گه‌یاندن به كۆمپانیای تاتاستل كه باره‌گای سه‌ره‌كی له به‌ریتانیایه، كه‌چی تا ئێستا كاری هیچ كۆمپانیایه‌كی چینی به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجاره‌كی له به‌ریتانیا قه‌ده‌غه نه‌كراوه، به‌ڵام پێ ده‌چێت هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ریتانیاش ترسی له‌گه‌شه‌ی ئابووری چین و هه‌ژموونی به‌رهه‌می كۆمپانیاكانی ئه‌و وڵاته هه‌بێت، به‌تایبه‌ت دوای ده‌رچوونی له یه‌كێتی ئه‌وروپا و له‌ده‌ستدانی به‌شێك له بازاره‌كانی وڵاتانی ئه‌و یه‌كێتیه.